کوردپرێس:
ڕۆژی 25ی ڕەشەمەی 1398 سی و دوو ساڵ بە سەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕەێت کە لەو کارەساتەی سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیاتر لە 5 هەزار مرۆڤی بێتاوانی دانیشتووی هەڵەبجە کرانە قوربانی.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی سی و دوو ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە کە ئەمە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەرکیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان. ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاریی و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستان کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا .
سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان .
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/16
Your Comment