کوردپرێس:
ڕۆژی 25ی ڕەشەمەی 1398 سی و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شههیددا تێدەپەڕێت كه لهلایهن ڕژێمى پێشووى عێراقهوه ئهنجام درا و بووە هۆی شههیدبوونى پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی لێکەوته مهترسیدارهكانى بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچهكهوه هەر بەردەوامە.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، ڕێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شههیدانى ئهو کارەساتە و جەختکرنهوهی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانى ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و هەر گەل و پێکهاتەیەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بە هەر بیانوویەکی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئەم ئامانجە پیرۆزە بۆ ئێمە، یەکڕیزیی زیاتر و تەباییی بەردەواممان لێ دەخوازێت.
لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زیاتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیایی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت.
بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە و هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق. داواكارین حکوومەتی عێراق وەک بەرپرسیارییەکی یاسایی و ئەخلاقی، لهمبارهیهوه ئهركى خۆى جێبهجێ بكات.
مرۆڤایەتی پێویستی بە کاری جددییە بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ. وەک چۆن ئەمڕۆ هەموو جیهان لە خەمی بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان وەک هەڕەشەیەکی ترسناکی سهر تهواوی مرۆڤایەتی، بە هەمان شێوەش کارکردن بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییهتی مرۆڤایەتیدا.
شههیدانى ههڵهبجه و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانییاندا زیندوون، له كاتێكیشدا به ڕێز و شكۆوه یادى شههیدان دهكهینهوه، به ئومێدهوه له داهاتوو دهڕوانین.
سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكیان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١٦/٣/٢٠٢٠
Your Comment