کوردپرێس:
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەئنجومەنی سووریای دیموکرات لە لێدوانکی تایبەتدا بۆ کودپرێس ئاماژەی بە دانوستانی نێوان هەردوو سەرۆکی ڕووسیا و تورکیا لەبارەی مەسەلەی ئیدلیبەوە کرد و گوتی: ئەوە یەکەم جار نیە پووتن و ئەردۆغان گفتوگۆ بکەن. زۆربەی ئێمە بینیومانە پێشتریش گفتوگۆی ئەو دوو لایەنە لەسەر مەسەلەی عەفرین و غووتە و دەرعا و ئیدلیب کراوە و ئەو خاڵانەی لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا چەکدارەکان بوون لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کرانەوە.
ئیلهام ئەحمەد لەبارەی ئاگربڕەکەی ئیدلیبیشەوە بە کوردپرێسی وت: بۆچوون لەبارەی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە زۆرە. بۆ نموونە دەوترێت پشتێنێکی سی کیلۆمەتری لە سەرتاسەری باکووری سووریا دروست دەکرێت. بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت جەخت کردنە لە سەر ئاگربڕ لە ئیدلیب و دەوریەی هاوبەشی هێزە ڕووسی و تورکییەکان و دروست کردنی پشتێنی ئەمنی لە دەوروبەری دوو جادەی سەرەکیی M4, M5.
ئەو پرسیارەش لە ئیلهام ئەحمەد کرا کە داهاتووی ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ڕووسیا بە کوێ دەگات. ناوبراو لە وەڵامدا گوتی ئەوەی کە ڕێککەوتنێکەتا چەند بڕ بکات و پاش ئەو ڕێککەوتنە چی ڕوو بدات لای ئێمە ڕوون نیە. سووچی تاریک و شاردراوە لە ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ڕووسیا هەیە بەڵام دیارە ناتوانین بڵێین ڕێککەوتنیان لەبارەی هەموو باکووری سووریاوە کردبێت.
سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەئنجومەنی سووریای دیموکرات لەبارەی ئەگەری هێرشکردنی دوبارەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا بە کوردپرێسی وت: تورکیا ئێستا لە دۆخێکدا نیە کە بتوانێت هێرشێکی تر بکات چوونکە ڕووسیا بە هێرشەکانی لە ئیدلیب شکۆی تورکیای شکاند و چیتر ئەو پێگە و شکۆی جارانی نەماوە. تورکیا پێی وابوو توانای ئەوەی تێدایە کە ئیدلی بۆ خۆی بپارێزێت بەڵام هێرشەکانی سووریا بە هاوکاریی ڕووسیا لە ئیدلیب ئەو شکۆیەی تورکیای شکاند.
ئیلهام ئەحمەد زیادیشی کرد: ڕووسیا ئامانجی ئەوە بوو هاوسەنگی لە ئیدلیب ڕابگرێت. سەرەتا ڕێگەی بە سوپای سووریا دا لە تورکیا بدات و پاشا تورکەکانیش هێرش بکەنە سەر سووریا. پەیامەکەشی ئەوە بوو کە بڵێت ئەگەر من نەبم ئێوە ناتوانن هیچ بکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە تورکیا بەم ئاگربڕەی ئێستا کات دەکڕێت بۆ ئەوەی ئامادە ببێتەوە. ئێستا دیار نیە خۆی بۆ چی ئامادە دەکاتەوە. بەڵام بەختێکی ئەوتۆشی نیە کە بتوانێت دیسان ناتۆ بخاتەوە گێچەڵی ئیدلیب.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment