بەهۆی کۆرۆناوە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران راده‌گرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ رێگركردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری دا ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت رابگرێت، جگه‌ له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ و ته‌ندروستی.

کوردپرێس: ئەمڕۆ دووشەممە 9/3، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولێر، بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوارێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

کۆبوونەوە جەختی کردەوە لە گرنگی بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشوو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابوون وەک کەم کردنەوەی قەرەبالغی و سنووردار کردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاک و خاوێنی و پەیوەندی کردن بە بنکەکانی دیاری کراو لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

پاش گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنە رووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاری دا:

١. لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠٢٠ دەبێتە پشووی فەرمی، و (ڕۆژانی ٢٧و٢٨-٣-٢٠٢٠ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە ٢٩-٣-٢٠٢٠ دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکوومی وئەھلی) ڕۆژی شەممە ٢٨-٣-٢٠٢٠ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ١_٤-٢٠٢٠ دەست پێ دەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ١٥-٣-٢٠٢٠ دەبێت و لە ١٦-٣-٢٠٢٠وە تاوەکو ١-٤-٢٠٢٠ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوام بوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157849

Your Comment

You are replying to: .
captcha