لەمپەرەکانی پێشکەوتن و دەربازبوونی کوردی عێراق چین؟

بەشی جیهان- پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان بە کەشێکی دوو جەمسەریی نێوان پارتی و یەکێتی وەسف دەکات و پێشنیازی ئەوەش دەخاتە ڕوو کە پێویستە سەرکردایەتیی کورد بۆ دەربازبوون لەو هەلومەرجە لە ژێر ڕکێفی حیزبە سیاسییەکان دەربێن و هێزی پێشمەرگەی هەرێمیش یەک بخرێن.

کوردپرێس:

پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە خوێندنەوەیێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستاندا سەرنجی گواستۆتەوە بۆ هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو هەلومەرجەی کە پاش کورتهێنانی گازی شل لە هەولێر دروست بووە. پەیمانگاکە ئەم دۆخە بە هەڵقوڵاوی سیاسەتی حیزبیی پارتی و یەکێتی دەزانێت و دەڵێت ئەو دوو حیزبە دەستیان بە سەر سامان و سروشتی هەرێمی کوردستاندا گرتووە و دژی یەکتر بەکاری دەهێنن.

یەروان سەعید لەو ڕاپۆرتەی پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە زاری میدیاکانی هەرێمی کوردستانی دەگێڕێتەوە کە بەرپرسانی جۆربەجۆری هەرێم بۆ یەکەم جارە پشتڕاستی دەکەنەوە کە سامان و وزەی ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرە بە دەست خەڵکانێکی پاوانخوازەوەیە کە سەر بە دوو حیزبی باڵادەستن و پێویستە کۆتایی بەو دۆخە بهێندرێت. ڕاپۆرتەکە جەختیشی کردۆتەوە کە کورتهێنان و کێشەی دابەشکردنی گازی شل لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی سیاسەتی ئەو دوو حیزبە و دەستگرتنی خەڵکانێک لەو دوو حیزبە بە سەر سامانی هەرێمدا بووە.

ئەو پەیمانگایە وردەکاریی زۆری نێوان دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ڕوو و نووسیویەتی ئەو دوو سەرچاوەی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستان هەر یەکەو هێزی سەربازی و ئەمنیی تایبەت بە خۆ و هێزی پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیان هەیە. سەیر ئەوەیە کە خەڵکانێک لەو دوو حیزبە بۆ خۆیان هێزی پێشمەرگەیان هەیە. ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کزبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم.

ئەو پەیمانگایە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی خاوەنی سامان و سەرچاوەی وزەی فراوانە و نەتی خاو دەفرۆشێت بەڵام ساڵانی ساڵە قەیرانی کارەبا چارەسەر نەکراوەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کوردیش نەیتوانیوە ئەو قەیرانە چارەسەر بکات. هەروەهاش خزمەتگوزاری و خۆشبژێویی هاووڵاتییان و خزمەتی گشتی لە هەرێمی کوردستان جیاوازیی ئەوتۆی لەگەڵ دیکەی بەشەکانی عێراق نیە کە ئێستا بۆتە مەیدانی خۆپیشاندان و ساحەی ناڕەزاییی عێراقییەکان.

پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداریی ئەوەشی داوە کە گەندەڵیی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی نێوماڵی دوو حیزبی باڵادەست بەردەوامە و ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری هەرێم و پێگەی ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرە لای کۆمەڵگەی جیهانی لاواز دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاماژە بە هەوڵی دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی و بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی کراوە بەڵام جەختیش کراوەتەوە کە ئەو چاکسازییانە کەرتی وزە و سامانی سروشتی ناگرێتەوە؛ هەروەهاش خەڵکانێکی خاوەن دەسەڵات لە نێو حیزبەکان ڕێگری دەکەن لە جێبەجێ کردنی ژمارەیێک لە چاکسازییەکان وەک یەکخستنی هێزی سەربازی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەو خاڵەش کراوە کە ژمارەیێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پشتگیریی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی دەکەن. بۆ نموونە ئەمریکا پشتگیریی کردوون بۆ ئەوەی دەست بە چاکسازی بکەن بەڵام ئەو وڵاانەش نەیانتوانیوە هیچ بکەن. چوونکە ئەو وڵاتانەش و بەتایبەتی ئەمریکا نایانهەوێت کارتی گوشار بەرانبەر بەو دوو حیزبە بەکار بهێنن. جگە لەوەش دژایەتی و ناکۆکیی نێوان دوو حیزبەکە بۆتە لەمپەرێکی دیکە بۆ بەئەنجام نەگەیشتنی چاکسازییەکان.

پەیمانگای واشەنتن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداریی ئەوەشی داوە کە دوور نییە بەردەوام بوون لە سەر ئەو ڕەوتە بەرژەوەندیی ئەمریکاش بخاتە مەترسییەوە هەر بۆیەش ئەمریکا دەتوانێت بە سەپاندنی سزا بە سەر چەند کەسایەتییێکی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان ڕەوتەکە بگۆڕێت و ناچاریان بکات دەست بە چاکسازی بکەن.

پەیمانگاکە پێشنیازی ئەوەشی کردووە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەست لە بەرژەوەندیی شەخسی هەڵبگرن و جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن و لە ژێر ڕکێفی حیزبی بوون دەریان بهێنن و لە کەرتی سامانی سروشتی و هێزی سەربازی و ئەمنیدا چاکسازییەکان جێبەجێ بکەن.

هەروەهاش پێشنیازی کردووە هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لەم کاتەدا کە عێراق گیرۆدەی ناڕەزایی و کەمایسیی خزمەتگوزارەییە ڕەوتی خۆیان بگۆڕن. پێشنیازی بە ئەمریکاش کردووە چیی لە بەردەستدایە بەکاریان بهێنێت بۆ ئەوەیە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت و سەرنجی زیاتر بخاتە سەر پشتگیری کردن لە دامەزراوە یاسایییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان چوونکە پارێزگاری کردن لەم دۆخە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە.

لە کۆتاییدا هۆشداری ئەوەشی داوە کە ئەگەر بێتوو کۆتایی بەم ڕەوتەی ئێستا نەهێندرێت دوور نیە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەوەش پاشهاتی خراپی ئەمنیی هەرێمی و جیهانیی بەدواوە دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 157839

Your Comment

You are replying to: .
captcha