ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەندی یاسای بوودجەی 2021 بێت، ئەوا مانگانە 1 ترلیۆن دیناری لەلایەن بەغداوە بۆ دەنێردرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەندی یاسای بوودجە بێت، ئەوا مانگانە ترلیۆنێک دیناری لەلایەن بەغداوە بۆ دەنێردرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەهار مەحموود، ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق بە شارپرێسی راگەیاندووە: دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق یاساکەی ئیمزا کرد، دەبێت لە وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ دەربچێت، هەرکاتێک رێنمایی دەرچوو دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دەرچوونی رێنماییەکان مانگێکی دەوێت، بۆیە پێدەچێت مانگی داهاتوو بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

سەربارەت بە بەشداریی نوێنەری هەرێم لە نووسینەوەی رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بوودجە، ئەو پەرلەمانتارە وتی بەپێی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەبێت نوێنەری هەرێم لە نووسینەوەی رێنماییەکاندا هەبێت، بۆیە نوێنەری هەرێم لە نووسینەوەی رێنماییەکاندا دەبێت.

ناوبراو روونی کردەوە، بەپێی ئەو یاسایەی پەسەند کراوە لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی 10 ملیار دۆلار لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، بە مەرجێک هەرێم پابەندبێت بە یاسای بوودجەوە ئیلیتیزامەکانی جێبەجێ بکات، واتە مانگانە ترلیۆنێک دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت.

لەبارەی کاتی ناردنی پشکی هەرێم وتی، ئەگەر هەردوولا پابەندی یاسای بودجە بن لە کۆتای مانگی داهاتوودا لەگەڵ دابەش کردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقدا بەشەبوودجەی هەرێم دەنێردرێت.

دوای ئەوەی رۆژی 31 ئازار پەرلەمانی عێراق یاسای بوودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021ی پەسەند کردن، یاساکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا بۆ پەسەند کردنی، رۆژی 8ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق یاساکەی پەسەند کرد.

بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم لەسەر یاسای بودجە، پێویسته‌ هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌نرخى سۆمۆ بداته‌ عێراق و مانگانه‌ش نیوه‌ى سه‌رجه‌م داهاته‌ فیدڕاڵیه‌کان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌غدا و له‌به‌رانبه‌ردا پشکى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێردرێت و ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت ئه‌وا بوودجه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ده‌بڕدرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1578

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha