بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بڕیاری داوە، لە ٨ى ئەم مانگەوە تا ١٥ى مانگ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و کوەیتدا رابگرن و لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانیشەوە بە وردی چاودێری خاڵە سنوورییەکان دەکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، ڕاگرتنى جموجۆڵە بازرگانییەکان لە دەروازەکانى نێوان ئێران و کوەیت لەسەر داواى هاوڵاتیان و بەرپرسانى پارێزگاکانى بەسڕە، میسان، دیالە و واست بووە.
هاوکات، حکوومەتی عێراق ١٥ی ئەم مانگەی وەک دوامۆڵەت دیاری کردووە بۆ ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت لە ڕێى سنوورەکانەوە بگەڕێنەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، لەدوای ١٥ ی ئازارەوە هیچ ڕێگەیێکی وشکانی بۆ گەڕانەوە نابێت و تەنها لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و بەسڕەوە دەتوانن بگەڕێنەوە.
دەستەى دەروازە سنورییەکان ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لە ئێستادا ڕێگە بە هاوڵاتیانى عێراقى نادرێت گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکەن کە ڤایرۆسەکە بەشێوەیێکى فراوان تێیاندا بڵابووتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستا ٣٢ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمارکراون و ئەمشەویش ژنێکی توشبووی ڤایرۆسەکە لە بەغدا گیانی لەدەست دا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment