بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ڕیكاردۆ ڕۆدریگێز، لێپرسراوی نووسینگەی یونامی لە هەرێمی كوردستان كرد و داوای ئاشتەوایی لەنێوان لایەنەكانی عێراق و هەرێمی كرد و ڕایگەیاند: چارەسەری سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و دەستوور بە ڕێگای دەربازبوونی عێراق لەم دۆخە باشترین ڕێگایە.
تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، ھەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكەش وادەخوازێت چارەسەری سیاسیانە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی لەنێوان ھەموو لایەنە سیاسیەكان و پێكھاتە و نەتەوەكان بێنینەكایەوە و چیتر ڕێگە نەدەین خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە ئیقلیمییەكان.
هاوسەرۆكی یەكێتیی داوای ئاشتەوایی و لێكتێگەیشتنی نیشتمانیی لەنێوان ھەموو لایەنەكانی ھەرێم و عێراق كرد و ڕوونی كردەوە، دەستوور دەبێت چەتری كۆكەرەوەی ھەموو لایێک بێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment