کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق داوای لێبوردنەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی پەسند کرد و لە ماوەی 15 رۆژ کەسێکی دیکە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
دوابەدوای گوتارکەی محەممەد عەللاوی، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیێکدا رایگەیاند، بە ئاماژەدان بە گوتارەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی لەبارەی ئەوەی نەیتوانیوە لە ماوەی دەستووریی دیاریکراودا حکوومەتەکەی پێکبهێنێت، پاڵپشت بە ماددەی 76ی دەستوور سەرۆککۆمار دەست بە راوێژەکانی دەکات بۆ دیاریکردنی بەربژێرێکی دیکە لە ماوەی 15 رۆژدا و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی دەستووری و نیشتمانیدا.
هاوکات سەرۆککۆمار داوا لە هێزەکانی پەرلەمان دەکات کاری جددی بکەن بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنی نیشتمانی لەبارەی سەرۆکوەزیرانی جێگرەوە و پەسندکراو لەڕووی نیشتمانی و جەماوەرییە لە ماوەی دەستووریدا، حکومەتێک پێکبهێنێت کە بتوانێت ئەرکەکانی رایی بکات لەژێر رۆشنایی ئەو رووداوانەی کە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە.
سەرۆککۆمار جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆخی ئێستا سەختە و پێویستی بە هەڵوەستەیەکی نیشتمانیی بەرپرسیارانە هەیە لەلایەن هەمووانەوە، کەسێک راسپێردرێت کە جێگەی رەزامەندی بێت لەسەر ئاستی جەماوەری یاخود پەرلەمانی بۆئەوەی حکومەتێکی کاتی پێکبهێنێت کە پابەندبێت بە ئەرکەکانی بەرامبەر هاووڵاتییان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی کە بۆ محەممەد تۆفیق عەللاوی دیاریکرابوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق راسپێردرابوو، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی "ههوڵمدا بهپێی توانا، ههموو رێگەیهك بگرمهبهر بۆ رزگاركردنی نیشتمان له ههنگاونان بهرهو نادیاری و بۆ چارهسهركردنی قهیرانه ههنووكهییهكان، بهڵام لهكاتی دانووستاندنهكاندا شۆك بووم به چهندین پرس و بابهت كه هیچ پهیوهندییان به نیشتمان و بهرژهوهندییهكانی نهبووه".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment