مەسروور بارزانی لەگەڵ شای ئوردن کۆ بووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شای ئوردن کۆ بوویەوە و لە کۆبوونەوەیاندا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا کرا.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەکشەممە ۱ی ئاداری ۲۰۲۰ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی و بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن و لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن لە کۆشکی بەسمان پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێنشینی ئوردن شازادە حوسێن بن عەبدوڵڵا و سەرۆک وەزیرانی ئوردن عومەر ئەلرەزاز ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکی تایبەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئامادەین هاوکاری براکانمان بکەین بە هەر شێوەیێک کە پێویست بێت و خۆشحاڵیشین بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بواری بازرگانی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ئوردنی لە هەرێمی کوردستاندا کرد و سوپاسی خۆی بۆ پشتگیریی شانشینیی ئوردن دەربڕی و ڕۆڵی شا عەبدوڵڵای لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.
شاندی یاوەریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳

News Code 157728

Your Comment

You are replying to: .
captcha