بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێکخراوى کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، "لە سنوورێکی 212 کیلۆمەتریدا بەلانیکەمەوە 13 هەزار کۆچبەر لەسەر سنووری یۆنان کۆ بوونەتەوە، کە لەناویاندا ژن و منداڵیش هەن.
حکوومەتى یۆنان دوێنێ کۆبوونەوەیێکی نائاسایی بەست بۆ تاوتوێ کردنی پرسی کۆچبەران و ئاڵۆزبوونی سنوورەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا دوای ئەوەى ئەنقەرە دەرگای سنوورەکانی بۆ کۆچبەران کردەوە.
دواى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری دا دەرگای ئەورووپا بۆ چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا بکاتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنى ئەورووپا راگەیاندراوێکى بڵاو کردەوە و رایگەیاند بە "نیگەرانییەوە" چاودێری کۆچی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانى یۆنان و بولگاریا دەکەن.
ئورسولا ڤۆن دێر لەین، سەرۆکی ئەنجومەنى یەکێتی ئەورووپا رایگەیاندووە "لەم قۆناغەدا کاری سەرەکیمان ئەوەیە پشتیوانییێکى بەهێز لە یۆنان و بولگاریا بکەین، لە رێگەى رێکخراوى چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیى ئەورووپاوە ئامادەین هاوکارییێکى بەهێز لە سنوورە وشکانییەکاندا پێشکەش بکەین".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "نزیکەى 18 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەئێستادا لە سنوورەکانی تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپادا هەن".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، "ئێمە وتمان کە دەرگا لە کۆچبەران دەکەینەوە، بڕوایان نەکرد، دەرگامان کردەوە و نزیکەى 18 هەزار کۆچبەریش لەسەر سنوورەکانن، لەوانەیە ژمارەشیان بگاتە 25 هەزار".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment