هاونیشتمانییانی هەرێم بۆ خۆدزینەوە لە پشکنین رێگەی قاچاخ بەکاردەهێنن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێوشوێنە تەندروستییەکانی لە دەروازە سنوورییەکان بۆ پێشگیری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووندتر کرد بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ خۆدزینەوە لە پشکنین رێگەی قاچاخ بەکاردەهێنن.

کوردپرێس: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ پێشگیرکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکرد، لە یەکێک لە بڕیارەکاندا هاتووە "گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیێکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان".

ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین ئاگادارییێکی سەبارەت بەو کەسانە بڵاوکردووەتەوە کە بە رێگەی " قاچاخ" لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چوونەتە هەرێمی کوردستان و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "چاوکراوەبن سەبارەت بەو هاوشارییانەمان کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بوون بە رێگەی قاچاخ و نهێنێ هاتوونەتەوە رانیە و دەوروبەری، هەرکەسێک زانیاری لەسەریان هەیە پەیوەندی بە ئاسایشەوە بکات".

عەقید محەممەد فازڵ، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لەمبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە "لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، چەند هاووڵاتییێک بە قاچاخ لە ئێرانەوە هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر هاووڵاتیان، چوونکە ئەوانە بەبێ پشکنین هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت "ماوەی رابردوو چەند خوێندکارێک کە لە ئێران خوێندوویانە بە قاچاخ هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا کردوون و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی زەڵێ کە دەکەوێتە ناحیەی ھەڵشۆی قەزای پشدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند: "لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان، قاچاخچی پەیدابوون و ناویان ناون (قاچاخچییانی کۆرۆنا) ئەوان بە پارە هاووڵاتیان لە ئێرانەوە دەربازی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ هەر کەسێک 100 دۆلار وەردەگرن".

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت "بەدواداچوونی جیدیمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە و سزای هەر کەسێک دەدەین کە بە قاچاخ لە سنوورەکانمانەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان".

چەند کەسێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون، بەڵام هیچ لایەنێکی فەرمی ئەوەی بۆ رووداو پشتڕاست نەکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە "تاوەکوو لێکۆڵینەوەکان تەواونەبن زانیاری لەبارەی ئەو کەسانە ئاشکرا ناکەن کە دەستگیرکراون".

دکتۆر هیوا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین راگەیاند "لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 کەس کە بە رێگەی یاسایی و قاچاخ لە ئێرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان لە دوو شوێنی قەڵادزێ کەرەنتینە کراون و پشکنینیان بۆ کراوە و لەژێر چاودێری لیژنەکانماندان".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157684

Your Comment

You are replying to: .
captcha