سنووره‌کانی خه‌سره‌وی و په‌روێزخان کرانه‌وه‌

به‌شی کرماشان- قایمقامی قه‌سرشیرین گوتی: پێشتر عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنووره‌کانی خه‌سره‌وی و په‌روێزخانی ڕاگرتبوو به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆوه‌ هاتوچۆی تانکه‌ر و بارهه‌ڵگره‌کان له‌و دوو سنووره‌وه‌ ده‌ستی پێکردۆته‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 27ی شوباتی 2020 مورادعه‌لی تاتار قایمقامی قه‌سرشیرین ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنووره‌کانی خه‌سره‌وی و په‌روێزخان له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ستاندبوو و هۆکاره‌که‌شی ڕێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی کۆرۆنا له‌ سنووره‌کان ڕاگه‌یاندبوو.

ناوبراو زیادی کرد: له‌ ئێستادا سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی هه‌ندێک هه‌نگاو وه‌ک جێگیرکردنی گرووپی پزیشکی له‌ سنووره‌کانی هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنووره‌کانی خه‌سره‌وی و په‌روێزخان ده‌ستی پێکردووه‌.

قایمقامی قه‌سرشیرین ڕاشی‌گه‌یاند: له‌ ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنووری په‌روێزخان ئه‌نجام ده‌درێت و سنووری خه‌سره‌ویش به‌ نامه‌ی فه‌رمیی پارێزگای دیاله‌ به‌ ڕووی تانکه‌ر و بارهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌کان کراوه‌ته‌وه‌.

تاتار جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ 500 لۆریی بارهه‌ڵگر له‌ سنووری خه‌سره‌وی و 800 بۆ یه‌ک هه‌زار و 500 لۆریی بارهه‌ڵگر به‌ ده‌روازه‌ی سنووری په‌روێزخاندا تێده‌په‌ڕن.

شایانی باسه؛‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 20ی شوباتی 2020/ 1ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1398 عێراق به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی کۆرۆنا هه‌نگاوێکی خۆپارێزانه‌ی له‌ سنووره‌کانی گرته‌به‌ر و بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران داخست.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157677

Your Comment

You are replying to: .
captcha