پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار وەک هاوسەرۆکەکانی هەدەپە هەڵبژێردران

بەشی تورکیا- چواره‌م كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڕێوه ‌چوو و هه‌ریەک له‌ په‌روین بۆڵدان و میدحه‌ت سانجار به‌ هاوسه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵبژێردران.

کوردپرێس:

تەلەڤزیۆنی كوردستان 24 ڕایگه‌یاند، ڕۆژی یەکشەمە 23ی شوباتی 2020 بەرانبەر بە 4ی ڕەشەمەی 1398 چواره‌مین كۆنگره‌ی هه‌ده‌په‌ گه‌یشته‌ ئه‌نجام و هه‌ریەک له‌ په‌روین بۆڵدان و میدحه‌ت سانجار به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی 836 ئه‌ندام وهک هاوسه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵبژێردران.

كۆنگره‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ هۆڵی سوپه‌ر له‌ شاری ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڕێوه ‌چوو و هه‌زاران كه‌س له‌ ته‌واوی شارەکانی كوردستانی توركیا به‌شدارییان كرد.

به‌گوێره‌ی به‌رپرسانی هه‌ده‌په‌، وێڕای به‌شداریكردنی ژماره‌یێکی زۆری میوان، زیاتر له‌ 30 هه‌زار كه‌س له‌ هۆڵی كۆنگرهکه‌ ئاماده‌ بوون و ته‌نیا له‌ 3 پارێزگا، 300 كه‌س وەک ئه‌ندامی كۆنگره‌ به‌شدار بوون.

كۆنگرەکه‌ به‌ دروشمی "ئێمه‌ به‌ره‌و ئاینده‌ ده‌ڕۆین" به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ كۆی 1018 ئه‌ندام، 838 كه‌س ده‌نگیان دا و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ش ده‌نگیان به‌ په‌روین بۆڵدان و میدحه‌ت سانجار دا.

وێڕای هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌، له‌ كۆنگرەکه‌دا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجوومه‌نی دیسپلینی ناوه‌ندی و ئه‌نجوومه‌نی رێكه‌وتنەکان هه‌ڵبژێردران.

میدحه‌ت سانجار خه‌ڵكی نسێبینه‌ و په‌روین بۆڵدانیش خه‌ڵكی گه‌ڤه‌ڕی سه‌ر به‌ جوله‌مێرگی كوردستانی تورکیایە‌.

News Code 157635

Your Comment

You are replying to: .
captcha