شاندێکی ئەنەکەسە له‌گه‌ڵ چاوشئۆغلۆ کۆ بوونه‌وه‌/ ئه‌نه‌که‌سه‌ به‌یاننامه‌یێک له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌کە بڵاو ده‌کاته‌وه‌

بەشی تورکیا- دوای کۆبوونه‌وه‌ی شاندێکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کورد له‌ سووریا لەگەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا، ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌کە ده‌خاته ‌ڕوو‌.

کوردپرێس:

ده‌قی به‌یاننامه‌ی ئه‌نه‌که‌سه‌ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ چاوشئۆغلۆ:

شاندێکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کورد له‌ سووریا رۆژی چوارشه‌ممه‌ 19/2/2020 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ چاوی به‌ مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌وت، له‌ دیداره‌که‌دا چاوشئۆغلۆ جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌که‌ی، بۆ پشتیوانی کردن له‌ گه‌لی سووریا له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی سیاسی به‌گوێره‌ی بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کرده‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا پشتیوانی وڵاته‌که‌ی بۆ ته‌واوی گه‌لی سووریا به‌بێ جیاوازی نیشاندا، هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی دا، وه‌ک نوێنه‌رێکی شه‌رعی گه‌لی کورد و دەوی ئەم ئەنجومەنە له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و جه‌ختی له‌سه‌ر پشتگیری وڵاته‌که‌ی بۆ مافه‌کانی کورد و ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و مافانه‌ له‌ ده‌ستووردا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی بوونی هێزه‌کانیان له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ له‌ عه‌فرین، گرێ سپی و سه‌رێ کانیێ کرد.

چاوشئۆغلۆ جه‌ختی له‌سه‌ر ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و رێکارانه‌ی چه‌کداران و پێداگیری له‌سه‌ر گرنگی به‌سزاگه‌یاندنیان کرده‌وه، وێڕای ره‌تکردنه‌وه‌یان بۆ هه‌ر گۆڕانکارییێکی دیمۆگرافی و گرنگی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان.

لای خۆیه‌وه‌ شاندی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کورد له‌ سووریا دیدگای خۆی بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی له‌ وڵات، گرنگی کاراکردنی پرۆسه‌ی سیاسی و داڕشتنی ده‌ستورێک، که‌ له‌گه‌ڵ دۆخی خه‌ڵکی سووریا بگونجێت، خسته‌ روو، به‌ شێوه‌یێک که‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌و ده‌ستووره‌دا جێگیر بکرێن.

ئه‌نجومه‌نه‌که‌ داواشی له‌ تورکیا کرد، هاوکارییان بکات له‌ جێبه‌جێ کردنی رێکه‌وتنی ئه‌نجومه‌ن و ئیئتیلافی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌باره‌ی وه‌ستاندنی ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی عه‌فرین، سه‌رێ کانیێ و گرێ سپی ده‌کرێت و ئاسانکاری بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئه‌نجومه‌نه‌که‌یان هه‌ر گۆڕانکارییێکیش له‌و ناوچانه‌ ره‌ت ده‌کاته‌وه‌.

هه‌روه‌ک شانده‌که‌یان رێزی خۆیان بۆ هاوکاری کردنی ملیۆنان په‌نابه‌ری سووری و حه‌واندنه‌وه‌یان له‌ تورکیا و پشتیوانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریای بۆ لایه‌نی تورکیا نیشان دا، داواشیان کرد، لێکتێگه‌یشتنی زیاتر بۆ خزمه‌ت کردنی گه‌لی سووریا به‌ گشتی و گه‌لی کورد به‌ تایبه‌تی هه‌بێت، له‌ پێناو تێپه‌ڕاندنی نه‌هامه‌تییه‌کانیان و ده‌سته‌به‌رکردنی ژیانێکی ئارام بۆیان.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157577

Your Comment

You are replying to: .
captcha