ئاڵدار خەلیل: بەڕێكەوتنی دیمەشق‌و قامیشلۆ داگیركاری توركیا كۆتایی دێت

بەشی سووریا- ئەندامی دەستەی جێبەجێكردنی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك رایگەیاند، كە توركیا دەیەوێت بەشێكی نوێ لە خاكی سووریا داببڕێت، بەڵام بە گفتوگۆی سوری-سوری دەكرێت ئەو داگیركارییەی توركیا كۆتایی پێبهێنرێت.

کوردپرێس:

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی جێبەجێكردنی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك رایگەیاند، لەناو سووریا چەندین دەوڵەت لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان لەململانێدان‌و گەلانی سووریاش باجی ئەو ململانێیانە دەدەن.

خەلیل ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە یەكێك لە وڵاتە ململانێكارەكانی ناو سووریا توركیایە، دوای دابڕینی ویلایەتی ئەسكەندەروون لەسەرەتای سەدەی بیستەم و داگیركردنی عەفرین گرێ سپی و سەرێكانی، دەیەوێت بەشێكی تر لە خاكی سووریا بۆخۆی دابڕێت.

بەقسەی خەلیل توركیا بەئاشكرا دەیەوێت پرۆژە داگیركارییەكەی تەواو بكات، ئەوەش كاتێك دەركەوت، كە ئەردۆغان لەئەنجوومەنی ئاسایش بەرانبەر بە هەموو ڕێبەرانی جیهان نەخشەی ئەو ناوچانەی باكووری سووریای دەرهێنا، كە دەیەوێت داگیریان بكات.

بەقسەی ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان ئەوەی تائێستا و بەشێوەیێكی كاتی سنوورێكی بۆ دەستدرێژییەكانی ئەردۆغان داناوە بریتییە لەخۆراگری و بەرخودانی رۆڵەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا و ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەی لەناوەوە و دەرەوە خەباتی ئەو بەشەی كوردستان دەكرێت.

خەلیل جەختیكردووەتەوە، كە دانوستانەكانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر بەشێوەیەكی پێویست بگەنە ئەنجام، ئەوە دەرگا لەسەر ململانێ و جەنگە ناوخۆییەكان دادەخات، بۆیە دەڵێت: ئەگەر هەردوولا بتوانن بگەنە ڕێكەوتن ئەوە دەستتێوەردانە دەرەكییەكان نامێنن و داگیركاری توركیاش بۆ سەر خاكی سووریا و كوردستانی سووریا كۆتایی دێت و لەهەموو ئەو ناوچانە دەردەكرێن، كە داگیریان كردوون.

News Code 157522

Your Comment

You are replying to: .
captcha