ئەو لەمپەرانەی ڕێگری لە یەکخستنی نێوماڵی کورد دەکات

بەشی جیهان- ئەگەرچی باس لەوە دەکرا کە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا زەمینەی بۆ یەکگرتنی کوردی هەرێمی کوردستان و کوردەکانی باکووری سووریا فەراهەم کردووە بەڵام ناکۆکی و ململانێی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی ئێستاش بەردەوامە و ئەو ناکۆکییانە ڕێگری لە یەکگرتنی کوردی عێراق و سووریا دەکات.

کوردپرێس:

پێش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا کوردەگاانی سووریا زیاتر لە یەک لە سەر چواری خاکی سووریایان بەدەستەوە بوو و بۆ هێشتنەوەی خۆیان و جێگیرکردنی نفووزیان کاریان بەو ئاراستەیە دەکرد کە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بچەسپێنن بەڵام پاش هێرشەکەی مانگی ئەکتەوبری تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا لە گرێ سپی و سەرێ کانی باڵانسەکە تێکچوو و بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا و ڕووسیا و پاشەکشێ کردنی کورد بە قووڵاییی 32 کیلۆمەتر و درێژیی 400 کیلۆمەتر هەروەهاش ڕێککەوتنی کوردەکان لە سەر ئەوەی کە هێزە سوورییەکان بێنە باکوور و لە سنوورەکان جێگیر بکرێن کۆی ئەو بابەتانە وای کرد دەسەڵاتی کورد تەنها لە ناوچە نەوتخێزەکان و لەگەڵ ئەمریکییەکان بمێنێتەوە.

لایەنی دەسەڵاتداری کوردیی سووریا واتا هێزەکانی سووریای دیموکرات نێوانی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و هێزی ناسراو بە پێشمەرگەی ڕۆژ تەواو نییە کە ئەو هێزانە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانین. هەر ئەو ناکۆکییەش وای کردووە حیزبی باڵادەستی کوردی سووریا بەشداری بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا نەکات لە ئیدارە خۆسەرەکەیدا و ئەمەش لەمپەرێکە بۆ یەکگرتنی کوردی سووریا. بەڵام لە دوای هێرشەکەی ئەکتەوبری تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا لایەنی باڵادەستی کوردی لە سووریا هەڵمەتێکی دەست پێکردووە و دەستپێشخەریی یەکگرتنی کورد و یەکخستنی نێوماڵی کورد دەکات. دەستپێشخەری سەرەکیی ئەم هەڵمەتەش مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتە.

شایانی باسە هاوینی ڕابردووش کۆمەڵێک دەستپێشخەری بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردی سووریا لەلایەن فەڕەنسا و ئەمریکاوە هاتە ئاراوە بەڵام ئەنجامی نەبوو.

گۆڤاری ئەلمۆنیتۆریش ئەوەی باش کردووە کە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا هۆکاری دەستپێکردنی ئەو هەوڵانە بووە بۆ یەککەوتنی نێوماڵی کورد کە ئەم جارەیان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاش پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی مەزڵووم کۆبانێ کردوە.

عەبدولکەریم سارۆخان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی (PYD)ش وتوویەتی هۆکاری ئەو دەستپێشخەرییەی مەزڵووم کۆبانێ بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردی سووریا ئەوەیە کە پێگەی ئێستای کورد لەو وڵاتە پێگەیێکی لاوازە. ئەمە هەوڵێکە لە بەرانبەر ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوودەدەن بۆ ئەوەی کوردی سووریا یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن لە بەرانبەر ئەو ڕووداوانەی لە داهاتوودا دێنە ئاراوە.

بە هەموو ئەمانەشەوە نابێت لە بیری بکەین کە پێش هەوڵەکانی فەڕەنسا و ئەمریکاش دەستپێشخەریی کەسایەتی و لایەنێکی کوردی نەیتوانی نێوماڵی کورد لە سووریا یەک بخات. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەرییەکەی مەسعوود بارزانی ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو و بە هۆی دەستپێشخەرییەکەی بارزانییەوە دوو ڕێککەوتنی هەولێر و دهۆکیش واژۆ کرا بەڵام مکووڕبوونی هەردوو لایەنی کوردیی سووریا لە سەر هەڵوێستەکانیان و ئینتیمانەکردنیان بۆ یەکتر وای کرد ڕێککەوتنەکانیش ئەنجامیان نەبێت. بەتایبەتی ئەو دوو لایەنە باڵادەستەی کوردی سووریا لەسەر مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژ ناکۆکن کە ئەو هێزانە لە هەزاران گەنجی کوردی سووریا پێکهاتووە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە هەرێمی کوردستانیش مەشقی سەربازییان پێکراوە.

یەکێتیی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت ئەگەر پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە دەبێت لە ژێر ئاڵای هێزەکانی کوردی سووریا کار بکات و ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ لە سەر خۆی بسڕێتەوە و بە فەرمانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کار بکات بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا ئەمەی قبووڵ نەکردووە.

بەگوێرەی نووسراوی سیریا دەیرێکت چەند سەرچاوەیێک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا وتوویانە پێشنیازە نوێیەکەی مەزڵووم کۆبانێ ئەوەیە کە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژی بێنە ژێر ئاڵای هێزەکانی کورد و عەرەبی سووریای دیموکرات (SDF) کە لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعشیشەوە پشتیوانیی لێدەکرێت بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ئەم پێشنیازەشی قبووڵ نەکردووە.

خاڵێکی دیکە کە بتە ناکۆکیی نێوان کوردەکانی سووریا مەسەلەی ئەو کەسانەیە کە ئیدعا دەکرێت ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریان و لەلایەن لایەنی بەرانبەرەوە ڕفێندراون و ئاگاداری چارەنووسیان نین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سیریا دەیرێکت ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا قبووڵی ئەوەی کردووە کە لەبارەی ڕفێنردراوانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە بەدواداچوون بکات بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا گوتوویەتی ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەی قبووڵ نیە.

لە هەواڵەکاندا باس لەوە دەکرا کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا نووسینگەی خۆی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر کردۆتەوە و ومەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشوازیی لەو کارە کردووە و توویەتی ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە.

News Code 157480

Your Comment

You are replying to: .
captcha