بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتاکانی مانگی ئاکتەوبری 2019ەوە و پاش گفتوگۆ لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا فەرمانی کشانەوەی هێزی ئەمریکیی لە باکووری سووریا دەرکرد تا ڕێگا بۆ هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر کوردەکان خۆش بکات.
گۆڤاری نەشناڵ ئینترێستی ئەمریکی لە شیکاریێکدا ئەم بابەتەی لێکداوەتەوە و وتوویە نابێت سەرمان لەم پرسە سوڕ بمێنێت چوونکە ڕاکێشانی لۆبیەکانی نزیک لە دەوڵەتی ئەمەریکا لە ڕێگای پارەوە شتێکی باوە و تورکیاش لەمبارەوە ئەزموونی باشی هەیە و لەم ڕێگایەشەوە توانی ڕای دەوڵەتی ئەمەریکا لەبارەی کوردی سووریا بگۆڕێت و لەگەڵ خۆی هاوڕایان بکات.
گۆڤارەکە هەروەها ئاماژە بە هەوڵی کوردەکان لەمبارەوە دەدات و دەنووسێت باڵی سیاسیی هێزە کوردەکانی سووریا بە کردنەوەی نووسینگە لە ئەمریکا توانی لە کەسایەتییە گرینگەکان لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا نزیک بکەوێتەوە و تەنانەت بەستێنیان بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنیی ترەمپ و مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆش کرد.
گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست ئاماژە دەکات: بەمحاڵەشەوە دەوڵەتی تورکیا چۆنیییەتی نفووز کردن لە نێوان چینەکانی ئەو لۆبیانەدا دەزانێت و بە پێدانی ملیۆنان دۆلار لەم چەند ساڵەدا توانی ڕای سیاسیەکانی ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت و ئەوەش بووە هۆکارێک کە کوردی سووریا نەتوانن لەم ڕێگایەدا سەربکەون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment