کوردپرێس: محەمەد عومەر بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت: "داعش 8 رفێنراوەکەیان بردووە بەرەو زنجیرە چیای حەمرین، چوونکە لەوێ زیندانیان هەیە."
دانانی بازگەی وەهمی بەجل و بەرگی سەربازیەوە لەلایەن چەکدارانی داعش، ترس و دڵەراوکێیێکی زۆری لە نێو خەڵکدا دروست کردووە، بەشێوەیێک هاتووچۆ کردن لەشەواندا بەتەواوەتی کەم کراوەتەوە.
دانیشتوانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، متمانەیان بەو بازگانە نیە کە لەشەوان دا دادەنرێن، لەوە دەترسن بازگەکان هی داعش بن و بەناوی هێزە ئەمنیەکانەوە دانرابن.
دوا چالاکی داعش چەند شەوێک لەمەوبەربوو، کە بازگەی وەهمی لەسەر جادەی سەرقەڵا و زینانە دانا، دوو کوردیان رفاند کە برای یەکتری بوون.
داعش لەناوچەی پەڵکانەی نێوان خورماتوو و گەرمیان بارەگای هەیە، فەرمانرەوایەتی نزیکەی 25 کم دەکات، ئەو ناوچەیە سەختە و لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە، کەچەکدارەکان دوای رفاندنی دوو براکە، بەرەو ئەو ناوچەیە ڕۆیشتوون.
چەکدارانی داعش گوندنیشینەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، کە سنوری فەرمانڕەوایەتیان نەبەزێنن، هەروەک چاودێری جم و جۆڵی چەکدارەکانی خۆشیان دەکەن و گومانیان لە هەر چەکدارێکیان بێت دەیکوژن، بەتایبەت ماوەیەک لەمەوبەر چەکدارێکی گومانلێکراوی خۆیان کوشتووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment