کوردپرێس:
گۆڤاری برۆکسێل تایمز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی دادگای باڵای ئەو وڵاتە دانی بەوەدا ناوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نیە و نابێت وەک گرووپێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوی برۆکسێل تایمز بڕیارەکەی دادگای باڵای بەلجیکا ئەوەیە کە نابێت PKK وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بۆیە بڕیاری دژەتیرۆری پەرلەمانی ئەورووپا لەبارەی پەکەکەوە جێبەجێ ناکرێت چوونکە ئەو ڕێکخراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شەڕی چەکداری ناکات هەر بۆیەش مۆڵەتی ئەوە نادرێت کە هێزی سەربازی لەبارەیەوە بەکار بهێندرێت.
برۆکسێل تایمز ئەوەشی زیاد کردووە کە پەکەکە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئەورووپا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە. دادگای بەراییی سەربە دادگای ئەورووپا مانگی نۆڤێمبێری ڕابردوو ڕایگەیاند بەڵگەکانی ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ تیرۆریست­ناساندنی پەکەکە تەواو نیە.
هەر بە گوێرەی نووسراوەکەی بروکسێل تایمز فیلیپە گوفین وەزیری دەرەوەی بەلجیکا پشتگیریی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئەورووپای کردووە و دەڵێت حوکمی دادگای باڵای بەلجیکا شوێندار نابێت لە هەڵوێستی دەوڵەت بەرانبەر بە پەکەکە.
Your Comment