بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفیزیۆنی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر بابەتی " دوایین پێشنیاز؛ بەرهەم ساڵح سكرتێری یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، جێگر" لە زاری ئەندامێکی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ناوی سکرتێری داهاتووی یەکێتی و دوو جێگرەکەی ئاشکرا کرد و وتی: بەرهەم ساڵح دەبێتە سكرتێری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەبنە جێگر.
سەرۆکی لێژنەی هەموارکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئاشکرای دەکات لە نێوان ناوی سەرۆک یان سکرتێر بۆ کەسی یەکەمی یەکێتی یەکلایی بوونەتەوە و "سکرتێر"یان هەڵبژاردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتیش ناوی سکرتێری داهاتووی یەکێتی و دوو جێگرەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "بەرهەم ساڵح دەبێتە سکرتێر و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگیش دەبنە جێگرانی سکرتێر".
ئەگەرچی وا بڕیار بوو دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بکرێ، بەڵام دواخرا بۆ رۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی دووەم. مستەفا چاوڕەش، سەرۆکی کاتیی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی گوتوویە، بەهۆی بەشداریی بەرهەم ساڵح و لاهوور شێخ جەنگی لە کۆڕبەندی داڤۆس، هەروەها تەواونەبوونی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە 25ی کانوونی دووەم دواخرا بۆ 29ی کانوونی دووەم. چاوەڕەش گوتی: "100% دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە رۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی دووەم دەکرێ".
پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە لە 76 ماددە پێکهاتووە، لە کۆنگرەی یەکێتی گفتوگۆی لەسەر نەکرا و بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، هەموارکردنەکەی درایە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی، ئەنجوومەنەکەش لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لێژنەیەکی 20 کەسی بۆ هەموارکردنەکە پێکهێنا.
فەرید ئەسەسەرد کە سەرۆکی لێژنەکەیە بە (رووداو)ی گوت: "زۆر مادەمان بۆ پەیڕەوەکە زیاد کردووە و زۆریشمان لابردووە، هەندێ لە مادەکانیشمان لێکداوە، بۆیە تا هەموارەکە تەواو نەبێ، نازانین دەبێتە چەند ماددە".
بە گوتەی ئەسەسەرد، تاوەکو رۆژی 24ی کانوونی دووەم 80%ی پەیڕەوەکەیان هەموار کردبوو، ئەوەی کە ماوە تاوەکو رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەم تەواو دەبێ و پەیڕەوەکە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە دەبێ.
فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەدا کە ئەو مادانەی گفتۆگۆی زۆر هەڵدەگرن، لەوانەش هەیکەلی داهاتووی یەکێتی، دروستکردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، خراونەتە ئەو سێ رۆژەی کۆتایی. ئەسەسەرد گوتی: "دەبێ ژمارەی دەڤەر و هەرێمەکان دیاری بکەین و دواتر سنووریان بۆ دیاری بکەین، هەندێجار پێویست دەکات چەند ناوچەیەک ببن بە یەک ناوچەی رێکخراوەیی، دەبێ پشت ببەستین بە سنووری ئیداری".
ئەگەرچی بەگوێرەی پەیڕەو کە لە کۆنگرە دەنگی لەسەردرا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەیکەلی ئەو حیزبەدا نەماوە، بەڵام ئەسەسەرد دەڵێت: "رەنگە یەکێتی مەکتەبی سیاسی وەک خۆی بهێڵێتەوە یان بیکات بە ئەنجومەنی جێبەجێکار".
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەنجومەنی جێبەجێکار (مەکتەبی سیاسی) پێکدێ لە سکرتێری یەکێتی و بەرپرسی ناوەندەکانی کاروباری (رێکخستن و هەرێمەکان، دیراسات و توێژینەوەی ستراتیژی، مەکتەبەکان، دارایی و ئیدارەی گشتی، هەڵبژاردن و ئامار و راپرسی، راگەیاندن و میدیا، پەیوەندییەکان، هەروەها کاروباری حکوومەت و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان).
لە پەیڕەوی ناوخۆدا ناوی (سەرۆک/سکرتێر) بۆ کەسی یەکەمی یەکێتی هاتووە. ئەسەسەرد دەڵێت: "لە کاتی نووسینی پەیڕەو سەرۆک/ سکرتێر دانرا، وا دانرا کە لە کۆنگرە یان لێژنەکەی ئێمە یەکێک لەو دوو ناوە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئێمە سکرتێرمان هەڵبژارد و بەم جۆرە (سکرتێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان) چەسپاوە، بەڵام دەیبەینەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیش ئەگەر دەنگیان پێدا ئەوە دەبێتە سکرتێر و ئەگەر دەنگیشیان پێ نەدا، ئەوا رەنگە بگەڕێینەوە بۆ سەرۆک، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بۆ سکرتێر دوو جێگرمان داناوە".
یەکێتییەکان و لایەنەکانی دیکەش چاوەڕێی ئەوەن کێ بە کەسی یەکەمی یەکێتی دەستنیشان دەکرێ، ئێستا ناوی د.بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەهێنرێ. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)دا کە لێی دەپرسن کێ دەبێتە سەرۆکی یەکێتی، ئەو دەڵێت "پێموابێ بەرهەم".
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی دەڵێت: "ناوی هەریەک لە کاک بافڵ تاڵەبانی، کاک بەرهەم ساڵح، کاک لاهوور دەهێنرێ، بەڵام هیچیان بە فەرمی داوایان نەکردووە".
جگە لە "سکرتێر"ی یەکێتی، سکرتێر و جێگر و بڕیاردەرێکیش بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی هەڵدەبژێردرێ. ئەندامێکی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ناوی سکرتێری داهاتووی یەکێتی و دوو جێگرەکەی ئاشکرا کرد و بە (رووداو)ی راگەیاند: " بەرهەم ساڵح دەبێتە سکرتێری یەکێتی، هەریەک لە کاک بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگیش دەبنە جێگرانی سکرتێر. هەروەها هەریەک لە عیماد ئەحمەد و رەفعەت عەبدوڵڵاش بۆ سکرتێر و جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەربژێرن، بەڵام دیارنییە کامیان سکرتێرە و کامیان جێگرە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment