کوردپرێس:
لە بەیاننامەیێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وێڕای ئەوەی داوای کردووە عێراق بەرژەوەندییەکانی واشەنتن لە بەغدا بپارێزێت، ڕاشیگەیاند "دۆخی ئاڵۆزی ئێستای عێراق، بەھۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوەیە و لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە 14 جار ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە ھێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە عێراق".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا دیسان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، ئەرکەکانی بەجێ بھێنێت لە پارێزگاری­کردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوەش دەکات "تا ئێستاش دۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ھەڕەشەن، بۆیە لە حاڵەتی ھۆشداریداین و چاومان لەسەر دۆخەکەیە".
درەنگانی شەوی رابردوو بە سێ مووشەک ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. بەپێی ھەواڵی میدیاکانی عێراق یەک بۆ سێ کەس بریندار بوو.
Your Comment