کوردی سووریا توانای گلدانەوەی زیندانیانی داعشی نەماوە

بەشی جیهان- ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کوردی سووریا توانای گلدانەوەی ئەندامانی بەندکراوی داعش و بنەماڵەکانیانی نەماوە داوای کرد ئەو زیندانییانە بدرێنەوە بە وڵاتە ئەورووپییەکان.

کوردپرێس:

بەرپرسانی کوردی سووریا دەڵێن زیاتر لە 12 هەزار زیندانیی داعش و بنەماڵەکانی ئەو داعشییانە لای ئەوان گل دراونەتەوە و لە کەمپەکاندا چاودێری دەکرێن کە زۆربەیان هاووڵاتیی وڵاتانی ئەورووپین.

بەرپرسانی ڕێڤەبەریی خۆسەر چەندین جار داواین لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە کە ئەو ئەندامە داعشییانەی هاووڵاتیی ئەورووپین بگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان بەڵام وڵاتانی ئەورووپی ئامادە نەبوون ئەو زیندانییانە قبووڵ بکەن.

ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپا بەیانێکی لەو بارەیەوە دەرکردووە و نووسیویەتی کوردی سووریا توانای گلدانەوەی ئەو زیندانییانەی داعشیان نەماوە و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە بە هۆی کەمبوونی توانای کوردەکانەوە ئەو زیندانییانە لە کەمپەکان هەڵبێن و مەترسیی دوبارە بخولقێننەوە.

ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپا هۆشداری دەدات و ئەو مەسەلەیە بە قەیرانێک ناو دەبات.

ئەنجومەنەکە تانە لەو وڵاتانەش دەدات کە دژی گەڕاندنەوەی ئەندامانی بەندکراوی داعشن و دەڵێت تەنها ژمارەیێکی کەم لە وڵاتانی ئەورووپی ئامادە بوون زیندانیانی داعش بگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان و هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەم بابەتە هەرچی زیاتر بخایەنێت مەترسیی زیاتر دروست دەکات.

News Code 157299

Your Comment

You are replying to: .
captcha