نێچیرڤان بارزانی جەخت لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتەکانیدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس ئاماژەی بە مەترسییەکانی گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق دا و جەختی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کردەوە.

کوردپرێس: له‌ به‌رده‌واميى چالاکييه‌کانيدا له‌ کۆڕبه‌ندى ئابووريى جيهان له‌ داڤۆس، ئێواره‌ى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 23/1/2020 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، به‌شدارى له‌ دانيشتنێکدا به‌ ناونيشانى "ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگير" کرد که‌ تيايدا جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى سکرێترى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق، فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زيران و وه‌زيرى ئابووريى عێراق و عادل ئه‌لجوبه‌ير، وه‌زيرى کاروبارى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعووديه‌ به‌شدار بوون.

تيايدا باس له‌ لێکه‌وته‌ درێژخايه‌نه‌کانى ئاڵۆزى و پشێوييه‌‌ به‌رده‌وامه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وه‌ک سه‌رچاوه‌ى ترس و نيگه‌رانييه‌کى گه‌وره‌ى جيهانى و ناوچه‌يى کرا و تيشک خرايه‌ سه‌ر کاريگه‌ريى ستراتيژيى قه‌يرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ که‌نداو، عێراق و سووريا.

ده‌رباره‌ى ڕوواو و پێشهاته‌کانى عێراق، نێچيرڤان بارزانى گوتى: دوو ـ سێ شت هەیە گرنگه‌ بزانین: یەکەم، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە باسی نەوەیەک دەکەین کە تەمەنیان لەنێوان پانزدە ساڵ تا بیست و سێ ساڵە، نە سەددمیان لە بیرە، نە ئەمه‌ریکاش، ئەمە نه‌وه‌يه‌که‌ داوای ژیانێکی باشتر دەکات لە عێراقدا، خۆی لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بەراورد دەکات، پێویستی بە سەفەرکردنیش نییە، دەتوانێ هەر لە سەر ئينتەرنێت و سۆشیاڵمیدیا بزانێ لە دنیای دەرەوە چی هەیە؟ ئەم نه‌وه‌يه‌ ئێستا ماندوو بووە لە حوکمڕانییەکی شانزدە ـ حەڤدە ساڵه‌ کە ناتوانێ کەمترین پێداویستی و خزمه‌تگوزارييان بۆ دابین بکات. ئەمە وایکردووە ئەم خەڵکە ماندوو ببێت. ئێمە دەبینین پرۆسەیەک هەیە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و دەچن بۆ هەڵبژاردن، به‌ڵام لە ئه‌نجامدا ئەوەی دەردەچێ ئەوە نییە کە ئەم نه‌وه‌يه‌ هيواى بۆ ده‌خوازێ.

لە هەرێمی کوردستان ئێمە ناتوانین خۆمان جیا بکەینەوە لەوەی تا ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە. بێگومان ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر دۆخى ئێمەش هه‌يه‌. ئەوەى ئێستا گرنگە هەموومان بيزانین، عێراقی پێش ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە لە عێراقی دوای ئۆکتۆبەر، زۆر زۆریش گرنگە سیاسەتمەدارەکانی عێراق ئه‌وه‌ تێبگەن که‌ گەلی عێراق جارێکی تر قبووڵ ناکات دۆخه‌که‌ بگەڕێتەوە پێش یەکی ئۆکتۆبەر.

گه‌لى‌ عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن و پێم وایە بەو خۆپیشاندانانەی کردوویانە پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە. دەبێ ئێمە هەست بە بەرپرسیاريه‌تی بکەین. ئەوەی زۆرم پێ سەیرە، هەتا ئێستاش باس لەوە دەکرێت کە وڵاتانی دەرەکی دەستیان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هه‌يه‌. با ئێمە بڵێین لە سەدا حەفتا خەتای خەڵکی دیکەیە و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌کييه‌، بەڵام سی لەسەد دەبێ خۆمان وەک عێراقی دابنیشین بیر لەوە بکەینەوە که‌موکوڕييه‌کان لە کوێ بوون و هەوڵ بدەین ئەمانە ڕاست بکەینەوە.

ڕۆڵى هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکە که‌ هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە دۆخه‌که‌ ئارام ببێتەوە، هەوڵێشمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەو کێشه‌يه‌ دەربچین.

له‌ به‌شێکى ديکه‌دا بارزانی گوتى: با له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین: بۆچی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق هه‌ن؟ هاتنى هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر داواى عێراق بوو کاتێک ساڵی 2014 که‌ داعش له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا نزیک بووه‌وه، حکوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ داوای یارمه‌تی کرد. ئه‌و هێزانه‌ تا ئێستا له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ و یارمه‌تیی هێزه‌کانی عێراقی ده‌ده‌ن به‌ پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، ئه‌رکیان ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ هاوکاریکردنی هێزه‌ عێراقییه‌کان و مه‌شقپێکردنیانه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا، تا ئێستاش ئه‌مه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام درا کارێکی دروست نه‌بوو، جارێ دوو پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی له‌ عێراق که‌ سوننه‌ و کوردن، هه‌ردوولایان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان نه‌کردووه‌. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ عێراق پێویستی به‌ یارمه‌تيی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریکا هه‌یه،‌ چونکه‌ پرسی داعش و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ عێراق پرسێکی زۆر جددییه‌ و پێمان وایه‌ ئه‌م ئامانجه‌ به‌بێ یارمه‌تیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا به‌دی نایه‌ت و پێویسته‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی که‌ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق داوای ده‌کات ده‌ست به‌ دانوستانێک بکرێته‌وه‌، پێموایه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئاسایییه‌ جارێکی دیکه‌ی دانیشتن ئه‌نجام بدرێت و شێوه‌ی کارکردنی زیاتر له‌نێوان هێزه‌کانی عێراق و هێزه‌کانی هاوپه‌یماناندا ڕێکبخرێته‌وه‌، به‌ڵام پرسی پره‌نسيپى مانه‌وه‌یان، پێموایه‌ مانه‌وه‌یان پێویسته‌.

پرسی سووریا پرسێکی زۆر ئاڵۆزه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ سووریا ڕووده‌دات له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تێکی چه‌ند ساڵه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌ڵه‌ هاتووه‌. کاتێک ڕووداوه‌کانی سووریا ده‌ستیان پێکرد دوو به‌ره‌ هه‌بوو، به‌ره‌یه‌کیان زۆر ڕوون بوو که‌ یارمه‌تيی به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌دا و‌ له‌ ڕووسیا و ئێران پێکهاتبوو و به‌ جددی یارمه‌تيی سووریا ده‌ده‌ن، به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ هه‌بوو ئه‌وانیش وڵاتانی ئه‌ورووپی و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریکاش که‌ نه‌ ستراتیژ نه‌ ڕوانگه‌يان هه‌بوو، ڕۆژێک هێڵی سوور و ڕۆژێک هێڵی شین بوو، واته‌ که‌س تێنه‌ده‌گه‌یشت که‌ چى ده‌کرێت، بۆيه‌ تا ئێستاش کێشه‌ی سووریا هه‌روا به‌رده‌وامه‌، هیچ ڕوونییه‌ک نییه‌ ئاخۆ به‌ چ شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی سووریادا بکرێت، بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یارمه‌تیی برایانمان کوردانی سووریا ده‌ده‌ين تا به‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی جوگرافیای سووریادا بگه‌ن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ وه‌ڵامى پرسيارێکدا ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق گوتى: پێموایه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ که‌ “وه‌لاء” وابه‌سته‌يى بۆ وڵاتێک نييه‌ پێی بگوترێت عێراق، ده‌بینین له‌ عێراقدا سوننه‌، شیعه،‌ تورکمان و کرستیان هه‌ن، خۆ سویسراش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، واته‌ ئه‌مانه‌ سویسرین، به‌ڵام له‌لایه‌ک خه‌ڵکانێک به‌ ئه‌ڵمانی و خه‌کانێکی دیکه‌ به‌ فه‌ره‌نسی و زمانى ديکه‌ قسه‌ ده‌که‌ن، که‌چى هه‌موویان وابه‌سته‌ى وڵاتێکن‌ که‌ تيایدا ده‌ژین. پێموایه‌ پرسه‌که‌ ئه‌وه‌يه‌ که‌ وابه‌سته‌يى نییه‌، ئێمه‌ ده‌بێت واقعی بیر بکه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت فۆرمۆلێک بۆ ئه‌و وڵاته‌ بدۆزینه‌وه‌ و بزانين چۆن هه‌موومان بپێکه‌وه‌ بتوانین له‌ وڵاتێکدا بژین که‌ پێی بگوترێت عێراق. ده‌بێت عێراق بنه‌ماى کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موولایه‌کمان بێت، ئێمه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی زۆر جیاوازین، به‌ڵام پێموایه‌ جوانیی عێراق له‌وه‌دایه‌ که‌ کوردمان هه‌یه،‌ عه‌ره‌بمان هه‌یه‌، مه‌سیحیمان هه‌یه‌، تورکمان، ئێزدی و سائیبه‌مان و ..هتد، هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌يه‌. ده‌بێت ئیمه‌ هه‌موومان بۆ خۆمان شتێک بدۆزینه‌وه‌ که‌ بتوانین له‌سه‌ری ڕێککه‌وین، پێموایه‌ ئه‌و شته‌ ده‌بێت عێراق بێت.

وه‌کوو کورد ده‌مانه‌وێت کێشه‌کانی خۆمان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا به‌ چاوێکی دیکه‌ سه‌یری ئه‌م پێکهاتانه‌ بکرێت، بێگومان کێشه‌ دروست ده‌بێت، کێشه‌ له‌ عێراق له‌سه‌ر چی دروست بووه‌؟ ساڵی 2012 و 2013 ئه‌وه‌ی که‌ له‌ فه‌للووجه‌ ڕوویدا و خۆپیشاندان ده‌ستی پێکرد، ئه‌وان ته‌نيا داوای هه‌ندێک خزمه‌تگوزارییان ده‌کرد، به‌ڵام چونکه‌ پشتگوێ خرا، له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی داعش دروست ببێت. ئه‌م پێکهاتانه‌ ده‌بێت خۆیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ببينن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موومان بتوانین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێککه‌وین، له‌سه‌ر عێراق ڕێککه‌وین. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌يش که‌ خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سکرێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق باسی کرد، ده‌مه‌وێ بڵێم: بۆچوونی ئێمه‌ ئێستاش وایه‌ که‌ عێراق پێویستی به‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌، نه‌ک ته‌نیا بۆ هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو عێراق، به‌ڵام له‌ کۆتاييدا ئێمه‌ به‌شێکین له‌ عێراق.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157286

Your Comment

You are replying to: .
captcha