کوردپرێس:
پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها تیرۆرکردنی سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، پەرلەمانی عێراق یاسایێکی تێپەڕاند و دەوڵەتی بەوە پێبەند کردووە کە زەمینە بۆ چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق فەراهەم بکات.
گۆڤارێکی سەر بە قوتابخانەی ئابووری لەندەن لەو بارەیەوە خوێندنەوەیێکی بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی کوردی عێراق و بەتایبەتی ئەندامانی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانیان نەکرد کە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق تێپەڕاند. هەر ئەوەش دەلالەتە لە سەر ئەوەی کە هەڵوێستی کورد لەبارەی مەسەلەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان و بەتایبەت ئەمریکییەکان لە عێراق هەڵوێستێکی کونسێرڤاتییانەیە.
ئەو گۆڤارە ئەوەشی زیاد کردووە کە هۆکاری ئەو هەڵوێستەی کورد لەبارەی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان ئەوەیە کە کورد ئێستا پێویستی بە بوونی هێزی ئەمریکی لە شەڕی دژبەداعش لە عێراق هەیە.
قوتابخانەی ئابووری لەندەن ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەگەر کورد بە ئاشکرا دژایەتیی مەسەلەی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکانی نەکرد لەبەر ئەوەیە کە کورد وابەستەیە بەو مووچە و بودجەیەی لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
Your Comment