هەرێمی کوردستان غەدری لە سەردار سولەیمانی کرد، هەڵویستی هەرێمی کوردستان لەو ئاستەدا نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، جەخت دەکاتەوە بە ئاوڕدانەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی لەگەڵ حکوومەت و بەرپرسان و سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؛ هەڵویستی ئەوان هەمبەر تیرۆری سەردار سولەیمانی لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو.

کوردپرێس: نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لە تاران له‌ به‌شى دووه‌مى ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ى رووداو زانیاریى زیاتر له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیى کورد و سەرداری شەهید قاسم سوله‌یمانى، فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌قى قودسى ئێران ئاشکرا ده‌کات و وردەکاریی زیاتر لە کاریگەرییەکانی سەرداری شەهید لەسەر پێکهاتەی سیاسی و بوونی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات:

له‌ دوای ریفراندۆم و رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر، نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێران هه‌بوو، تۆ ئاگاداری ئه‌مه‌ بووی؟

نازم ده‌باغ: به‌ڵێ من پێموایه‌ نزیکبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی بوو، به‌تایبه‌تیش حاجی خۆی دانیشتنی تایبه‌تی کردووه‌، هه‌وڵدرا په‌یوه‌ندییه‌کان ئاسایی بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ ئێران بڕوای به‌وه‌ نییه‌ دژایه‌تی گه‌لى کورد بکات. له‌ عێراقدا ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ هاوپه‌یمانیى کورد و شیعه‌یه‌، هاوپه‌یمانیى زۆرینه‌ى شیعه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی کورد بکات که‌ بریتین له‌ یه‌کێتی و پارتی، له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ سوننه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نه‌بێ، ناتوانرێ هاوسه‌نگی له‌ عێراق بپارێزرێ.

تۆ ئاگادارى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بوویت؟

نازم ده‌باغ: ئاگادار نیم که‌ بڵێ وا ده‌چم بۆ ئه‌وێ. پێش وه‌فاتى مام جه‌لال ته‌یاره‌که‌ی حاجی قاسم له‌ سلێمانی ده‌نیشته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوای نەخۆشکەوتنی مام جه‌لال، ته‌یاره‌که‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌نیشته‌وه‌.

بۆچوونی حاجی قاسم له‌سه‌ر پارتی چی بوو؟

نازم ده‌باغ: هه‌میشه‌ بۆچوونی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان باش بووه‌ و به‌پێویستی زانیوه‌ حیزبه‌کان ته‌با بن. به‌تایبه‌تیش هه‌میشه‌ پێی باش بوو یه‌کێتی و پارتی په‌یوه‌ندییه‌کانیان باش بێ.

بۆچوونى له‌سه‌ر مام جه‌لال چی بوو؟

نازم ده‌باغ: هه‌میشه‌ به‌ پیاوێکى مه‌رد و نیشتیمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز و راستگۆ و به‌ وه‌فاى ده‌زانی. حاجى قاسم ده‌یگوت ئه‌و مام جه‌لاله‌م بۆیه‌ خۆشده‌وێ چونکه‌ له‌لاى ئه‌مریکییه‌کان تا سه‌ر ئێسقان به‌رگرى له‌ ئێرانییه‌کان ده‌کات، له‌لاى ئێمه‌ش تا سه‌ر ئێسقان به‌رگری له‌ ئه‌مریکییه‌کان ده‌کات. ده‌یگوت نه‌ک وه‌کوو هه‌ندێک که‌س، لاى من قسه‌ به‌ ئه‌مریکییه‌کان ده‌ڵێت و له‌لاى ئه‌وانیش قسه‌ به‌ ئێران ده‌ڵێت.

ئه‌ی بۆچوونی له‌سه‌ر مه‌سعوود بارزانی چی بوو؟

نازم ده‌باغ: کاک مه‌سعوودی به‌ پیاوێکی راستگۆ ده‌زانى. وه‌ک گوتم یه‌کێک بوو له‌و سه‌رکردانه‌ى به‌ کاریزماى ده‌زانى.

ئه‌ى رای له‌سه‌ر نێچیرڤان بارزانى چى بوو؟

نازم ده‌باغ: کاک نێچیرڤانی خۆشده‌ویست.

له‌ هیچ دانیشتنێکى قاسم سوله‌یمانی و نێچیرڤان بارزانیدا به‌شداربووى؟

نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، له‌سه‌ر یه‌ک مێزیش نانمان خواردووه‌ له‌ ئێران. جاری وا هه‌بووه‌ کاک نێچیرڤان هاتووه‌ بۆ ئێران به‌ کاک عه‌بدوڵڵا ئاکره‌ییم گوتووه‌ بۆم روون بکه‌وه‌ وه‌کو سه‌رۆکی حکوومه‌ت هاتووه‌ یان جێگری سه‌رۆکی پارتی، ئه‌گه‌ر وه‌ک سه‌رۆکی حکومه‌ت هاتووه‌، پێشم نه‌ڵێى دێم بۆ کۆبوونه‌وه‌، چونکه‌ من نوێنه‌ری حکومه‌تم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک پارتی هاتووه‌ بانگیشم بکات نایه‌م، چونکه‌ نامه‌وێ سبه‌ی شتێ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌ربچێ و بڵێن نازم بووه‌. من بۆ مام جه‌لالیش دانیشتن هه‌بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی مام جه‌لال پێم بڵێ خۆم هه‌ستاوم رۆیشتووم، گوتوویه‌تی بۆ ده‌ڕۆی؟ گوتوومه‌ زۆر تایبه‌ته‌ به‌ خۆتان. حاجی قاسم و کاک نێچیرڤان و عادل عه‌بدولمه‌هدی دانیشتوون، منیش له‌وێ بووم، مۆڵه‌تم وه‌رگرتووه‌ و چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌ تیرۆری حاجى قاسم، ده‌ستی ئێران له‌ عێراق کورت ده‌بێته‌وه‌، یان تیرۆری قاسم سوله‌یمانی و سه‌رکرده‌ی دیاری حه‌شدی شه‌عبی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، زیاتر شیعه‌کانی عێراق له‌ ئێران نزیک ده‌کاته‌وه‌؟

نازم ده‌باغ: من به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌ حاجی قاسم ناڵێم کوژراو، ده‌ڵێم شه‌هید، چونکه‌ پیاوێکی موجاهید بووه‌ بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر بڵێین کاریگه‌ری نییه‌ هه‌یه‌تی. چونکه‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ سه‌ره‌تای وه‌رگرتنى ئه‌رکه‌که‌ى تا ئه‌و کاته‌ی شه‌هید بووه‌، ئاگاداری هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وت و تێکه‌ڵاوییه‌ک و په‌یوه‌ندییه‌ک بووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانى کورد، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و کاک مه‌سعود، بۆیه‌ کابرایه‌کی دیکه‌ که‌ دێته‌ جێگاکه‌ی ئه‌گه‌رچی ده‌گوترێ جێگر، به‌ڵام باوه‌ڕکه‌ من له‌ هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ حاجی قاسم نه‌مبینیوه‌، شه‌خسی نایناسم و دانیشتنم له‌گه‌ڵی نه‌بووه‌.

جێگره‌وه‌ی حاجی قاسم ده‌توانێ وه‌ک ئه‌و له‌ کورد نزیک بێ؟

نازم ده‌باغ: پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌توانێ، حاجی قاسم چۆن سه‌ره‌تا بوو به‌ خاوه‌نی ئه‌وه‌؟ خۆ سه‌ره‌تا که‌سی نه‌ده‌ناسی. هه‌موو که‌س بیه‌وێ ئیشی باش بکات، ده‌توانێ.

بۆچوونێک هه‌یه‌ که‌ قاسم سوله‌یمانی رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی جاروبار له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتی دروست ده‌بوون، چونکه‌ به‌لای ئێرانه‌وه‌ کوردستانێکی سه‌قامگیر گرنگتر بووه‌ له‌ کوردستانێکی نائارام، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ش هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت قاسم سوله‌یمانی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ کوردستانێکی به‌هێزدا نه‌بووه‌، چونکه‌ ترسی هه‌بووه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی کورد له‌ عێراق، کام بۆچوونه‌یان رێی تێده‌چێ‌ له‌ڕاستییه‌وه‌ نزیک بێ؟

نازم ده‌باغ: دوو شت هه‌یه‌، یه‌که‌میان بڵێین ترسی نه‌بووبێ، ترسی هه‌بووه‌، بۆ؟ ئه‌وه‌تا نموونه‌ى ریفراندۆممان هه‌یه‌، له‌ ریفراندۆمیشدا زۆری ئاگادارکردینه‌وه‌ که‌ نه‌یکه‌ین، به‌ڵام له‌ دوای ریفراندۆمیش باشترین په‌یوه‌ندی دروست کرد.

که‌واته‌ قاسم سوله‌یمانی ترسی جیابوونه‌وه‌ی کوردستانی له‌ عێراق هه‌بوو؟

نازم ده‌باغ: بڵێین ترسی نه‌بووه‌ هه‌یبووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و رۆڵه‌شی هه‌بووه‌ که‌ ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی دروست بووه‌، چ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتی و هه‌تا حیزبه‌کانی دیکه‌ له‌ بابه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، حیزبی سۆشیالیست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی. ته‌نانه‌ت له‌مدواییه‌ گۆڕانیش، له‌گه‌ڵ هه‌مووان ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌بووه‌. له‌سه‌ر ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی که‌ کوردستانێکی سه‌قامگیر بۆ ئێران دراوسێیه‌کی باش ده‌بێ.

واته‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ کوردستانێکى به‌هێزدا بوو؟

نازم ده‌باغ: دوو به‌هێز هه‌یه‌، ئه‌و به‌هێزییه‌ى رامانده‌کێشێ بۆ ریفراندۆم، یان ئه‌و به‌هێزییه‌ی رامانده‌کێشێ بۆ پارێزگاری له‌و ئه‌زموونه‌ى هه‌مانه‌. حه‌ز ده‌که‌م بۆ مێژوو شتێکت پێ بڵێم، ئه‌و سیسته‌مه‌ی که‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ و پێیده‌گوترێ فیدراڵیزم، له‌ تاران داڕێژراوه‌. ئه‌و حاجی قاسمه‌ دایڕشت و به‌ پشتیوانیی ئه‌و بوو. له‌ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م من به‌شدار بووم، مام جه‌لال بوو له‌گه‌ڵ موحسین حه‌کیم. بۆ کوردی سووریاش من نوێنه‌ری یه‌کێتی بووم له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ و پارتیشی تێدا بوو، عه‌بدولحه‌کیم به‌شار و ساڵح موسلیمیش هاتن بۆ تاران، چ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ به‌ره‌ی کوردستانی له‌ عێراق دانا هه‌مان به‌رنامه‌یان بۆ سووریاش دانا، به‌داخه‌وه‌ تێکچوو.

ئێران بۆ به‌رنامه‌ بۆ هەرێمی کوردستانی و کوردستانی سووریا داده‌نێ، بۆ به‌رنامه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ بۆ کوردستانی ئێران دانانێ؟

نازم ده‌باغ: وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ جارێ له‌لاى ئێمه‌ نییه‌. به‌س ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانم بڵێم که‌ ته‌جروبه‌ی حاجی قاسمیش ئه‌وه‌ی سه‌لماند، له‌ ئێران ئێرانچێتی هه‌یه‌، واته‌ کوردێک یان بلوجێک یان عه‌ره‌بێک یان ئازه‌رییه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی ئێرانچێتى ده‌کات ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ ناکاته‌وه‌، کوردیش وایه‌.

من رێزم بۆ هه‌موو براده‌رانی کوردی ئێران هه‌یه‌، به‌ڵام حزووریان به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نییه‌، چونکه‌ تۆ ده‌بێ خۆت فه‌رز بکه‌ی، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت کرد دوژمن ناتوانێ فه‌رامۆشت بکات، بۆ نموونه‌ په‌یه‌ده‌ له‌ سووریا به‌م سیاسه‌ته‌ ناوچه‌کانی کوردستانیان پاراست له‌ تیرۆر، مه‌وقیعێکی جوگرافیی سیاسییان دروستکرد، خه‌ڵک ناتوانێ فه‌رامۆشیان بکات. ئه‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵات تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ یه‌کگرتوو بن. بۆ نموونه‌ حیزبى دیموکرات له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى وه‌ک خۆى مابایه‌وه‌، ئێستا بووه‌ته‌ سێ حیزب.

ده‌گوترێ‌ زۆرجار مام جه‌لال و کاک مه‌سعود به‌ قاسم سوله‌یمانییان گوتووه‌ "نا"، ئه‌و قبوڵی کردووه‌، له‌به‌رچی قبوڵی ده‌کرد، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ قاسم سوله‌یمانییان ده‌گوت "نا"؟ زۆرجار چاره‌نووسێکی خراپ چاوه‌ڕێی ده‌کردن..

نازم ده‌باغ: حاجی قاسم پیاوێکی موئه‌ده‌ب بوو، له‌ زۆر کۆبوونه‌وه‌ دانیشتووه‌ چ به‌ ته‌نیا چ له‌گه‌ڵ شانده‌کانی حکومه‌ت، گوێگر بوو، قسه‌کانی کۆده‌کرده‌وه‌، بۆچوونێکى ده‌دا، ده‌تتوانی بۆچوونه‌که‌ى راسته‌وخۆ وه‌ربگری، چونکه‌ له‌ هه‌مووى تێده‌گه‌یشت. به‌ کورتی و پوختی قسه‌ی ده‌کرد، له‌ هه‌مانکاتیش بۆ نموونه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم، من خۆم گوێم له‌ حاجى قاسم بوو گوتى من گله‌یی له‌ کاک مه‌سعود ناکه‌م بۆ ریفراندۆم، پێمگوت: مه‌یکه‌. گوتی: ده‌یکه‌م. گوتمان زه‌ره‌ر ده‌که‌ی. گوتی: با بیکه‌م، که‌واته‌ ئه‌وه‌ یه‌ک له‌ (نا)یه‌کان بوو، به‌ڵام باسى خه‌ڵکی دیکه‌ی کرد که‌ به‌ڵێنیان پێدابوو به‌شدارى له‌ ریفراندۆم نه‌که‌ن و که‌چى کردیشیان.

باسی نامه‌یه‌کی قاسم سوله‌یمانی ده‌کرێ که‌ کاتى خۆى بۆ مام جه‌لال و کاک مه‌سعودی ناردووه‌، گوتوویه‌تی ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ نووری مالیکی لابده‌ن لێتان قبوڵ ناکه‌م..

نازم ده‌باغ: دوو نامه‌ بوون. یه‌کێک بۆ مام جه‌لال و یه‌کێکیش بۆ کاک مه‌سعود. هه‌ردوو نامه‌که‌ من گه‌یاندمن. که‌ نامه‌که‌م دایه‌ مام جه‌لال، گوتی نازم هه‌ر خۆشت بیبه‌ بۆ کاک مه‌سعود.

نامه‌که‌ چى تێدابوو؟

نازم ده‌باغ: هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى تێدا نه‌بوو. نه‌خشه‌ڕێگه‌ى تێدا بوو، قسه‌که‌ی وابوو گوتی ئه‌گه‌ر مالیکیش بگۆڕن به‌ ساڵێکی دیکه‌ حکومه‌تتان بۆ پێکنایه‌ت. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی موقته‌دا سه‌در و کاک نێچیرڤان بارزانى له‌ تارانه‌وه‌ موقته‌دا سه‌دری هێنایه‌ هه‌ولێر، ئه‌و رۆژه‌ له‌ مه‌کته‌بی سیاسی له‌ هه‌ولێر مام جه‌لال و موقته‌دا و کاک مه‌سعود له‌وێ دانیشتبوون، بڕیار درا متمانه‌ له‌ مالیکی وه‌ربگیرێته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی له‌وێ بووم.

هه‌ندێک له‌ شرۆڤه‌کاران (ئیسماعیل قائانی) به‌ مه‌ترسی ده‌زانن بۆ کورد، چونکه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کورد نییه‌، ره‌نگه‌ وه‌کو قاسم سوله‌یمانیش نه‌بێ‌ که‌ له‌ زۆر وێستگه‌دا له‌ کوردی قبوڵ کردووه‌، تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای به‌و رادده‌یه‌ توند بێ‌؟

نازم ده‌باغ: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کاک نێچیرڤان بۆ ده‌توانێ ببێته‌ جێگری کاک مه‌سعود! ئه‌و کابرایه‌ش که‌ جێگری حاجی قاسمه‌ حه‌تمه‌ن ده‌بێ لێی راببینرێ. ئه‌و ئه‌رشیفه‌ی که‌ حاجی ئاماده‌ی ده‌کات له‌ جێگره‌وه‌ ده‌چێ بۆ که‌ناڵه‌کانی دیکه‌ى ئێران. نامه‌کان که‌ له‌ فه‌رمانده‌ی قودس چووه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت به‌ ئیمزای قائانی بووه‌.

دواتر بۆ به‌ مه‌ترسی بزانرێ! من یه‌ک شت ده‌ڵێم و به‌رپرسم له‌و قسه‌یه‌، به‌و ئه‌زموونه‌ى که‌ چه‌ند ساڵه‌ له‌ ئێران هه‌مه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری حاجین، پیاوی راستگۆن و رێزی تایبه‌تیان بۆ کورد هه‌بووه‌. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌میش وابێ، چونکه‌ کورد فاکته‌رێکه‌ ناتوانی ده‌ستبه‌رداری بی، ده‌بێ له‌گه‌ڵی بی.

رایه‌ک هه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا به‌ده‌ستی ده‌هات له‌ رێگه‌ی قاسم سوله‌یمانی بوو، ئایا به‌ نه‌مانی قاسم سوله‌یمانی، کورد ده‌توانێ‌ وه‌کو جاران خاڵ له‌ به‌غدا وه‌ربگرێ‌؟

نازم ده‌باغ: هه‌مووی له‌ رێگه‌ى ئه‌و نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ پشتیوانیی ئه‌و بووه‌، به‌ پشتیوانى وڵاتانی دیکه‌ بووه‌. له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌م ئه‌زموونه‌ى هه‌رێمی کوردستانه‌. له‌وه‌ش گرنگتر ته‌نیا شتێک که‌ ده‌توانێ پارێزگاری له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد بکات یه‌کبوونی نێوماڵى کورده‌.

هه‌م به‌رپرسانی سوپا و ده‌وڵه‌ت، هه‌م رۆژنامه‌کانی ئێران ته‌نیا باسیان له‌ مووشه‌کباران کردنی بنکه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د کرد، باسیان له‌و دوو مووشه‌که‌ی هه‌ولێر نه‌کرد، تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌کت له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی کرد که‌ ئامانجیان له‌و دوو مووشه‌که‌ی هه‌ولێر چی بووه‌؟

نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ی به‌ من راگه‌یه‌نراوه‌ و له‌ رۆژی یه‌که‌م په‌یامیشم بۆ حکومه‌ت نارد، به‌ منیان گوت و ناوی به‌رپرسه‌که‌شم هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن کێیه‌. گوتیان ئه‌و مووشه‌کانه‌ی بۆ هه‌ولێر هاتوون مووشه‌کی ئێمه‌ نین، سوپا ده‌ڵێ هیچى هى ئێمه‌ نییه‌. لای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دیاره‌ کێ ئه‌و کاره‌ى کردووه‌.

هه‌ندێک له‌ شرۆڤه‌کاران وای لێکده‌ده‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌و دوو مووشه‌که‌ په‌یامێک بووه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان که‌ ئه‌گه‌ر بچنه‌ به‌ره‌ی ئه‌مریکا ئه‌وه‌ ئێوه‌ش پارێزراو نابن..

نازم ده‌باغ: ئێران خۆی په‌یامی بۆ ئێمه‌ ناردووه‌ که‌ عێراق به‌ هه‌رێمیشه‌وه‌، یه‌که‌یه‌کی سیاسی و جوگرافی و نیزامییه‌، جیاوازیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و عه‌ین ئه‌سه‌د نییه‌. بڕیاری په‌رله‌مان هه‌موو عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

من ناچارم، وه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم حیساب بۆ په‌یامه‌که‌ بکه‌م. شاره‌زاییم له‌سه‌ر توانای مووشه‌که‌کانی ئێران نییه‌. مووشه‌که‌کانی هه‌م له‌ ئارامکۆ، هه‌م له‌ فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌کان که‌ خستیان، هه‌تا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ عه‌ین ئه‌سه‌دیان داوه‌، روونه‌ ناکرێ مووشه‌کێک ئه‌وه‌نده‌ دوور له‌ ئامانجه‌که‌ى بکه‌وێته‌ خواره‌وه‌. یان دوو مووشه‌که‌ یه‌کێکیان نه‌ته‌قێ، شتی وا ده‌بێ؟! ئه‌گه‌ر بۆ تۆقاندنیش بێ ئه‌وه‌ شتێکی دیکه‌یه‌، چونکه‌ سیاسه‌ت دایک و باوکی نییه‌.

له‌دوای تیرۆری سەردار قاسم سوله‌یمانی، میدیای ئێرانی هێرشی توندی کرده‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، رۆژنامه‌ی که‌یهان هه‌واڵێکی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ی نێوان مه‌سروور بارزانی و مایک پۆمپه‌یۆ بڵاوکرده‌وه‌، دواتریش حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌واڵه‌که‌ی ره‌تکرده‌وه‌، میدیای ئێرانی بۆچی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێ‌؟

نازم ده‌باغ: به‌داخه‌وه‌ من ده‌ڵێم به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان زۆر به‌ دره‌نگ هاتنه‌ ده‌نگ، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و له‌ ئێران کرا، بۆ ئیمام خومه‌ینیش نه‌کرا، چونکه‌ حاجی قاسم ببووه‌ ره‌مزێک بۆ ئه‌و ئێرانییه‌ پاکه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور به‌رگریی له‌ ئێران ده‌کرد. دووه‌م که‌سێکى گه‌نده‌ڵ نه‌بووه‌، سه‌روه‌تی کۆنه‌کردووه‌ته‌وه‌. خاڵێکی دیکه‌ش که‌ گرنگه‌، حاجی قاسم له‌ هیچ کێشه‌یه‌کی ناو ئێران تێوه‌نه‌گلاوه‌، دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نه‌بووه‌. چونکه‌ ئیشه‌که‌ی ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور بووه‌.

که‌واته‌ هۆکاری هێرشی میدیای ئێرانی ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌رێمى کوردستان هاوسۆز نه‌بوو؟

نازم ده‌باغ: هه‌ڵوێسته‌که‌ی که‌م بوو. پێموایه‌ هه‌رێمى کوردستان غه‌دری له‌ قاسم سوله‌یمانی کرد. جا حه‌ز ده‌که‌ی کاک مه‌سعود، کاک مه‌سروور و کاک قوباد لێره‌ گوێیان لێبێ، بۆچی؟ بۆ نموونه‌ له‌ نامه‌ی یه‌کێک له‌ به‌رپرسه‌کاندا ده‌ڵێ حاجى قاسم له‌ رووداوێکدا بووه‌ قوربانی. ئێ ئه‌گه‌ر حاجی قاسم له‌ رێگای سه‌فه‌ر و گه‌ڕانیش ئۆتۆمبێله‌که‌ى وه‌رگەڕابا! نابێ وا بنووسى. به‌داخه‌وه‌، کاک مه‌سعود و کاک مه‌سروور هه‌ر قسه‌یان نییه‌ و په‌یامیان نییه‌ تا ئێستا، نه‌شمبیستووه‌ په‌یامیان ناردبێ، ئینشائه‌ڵڵا قسه‌که‌م وا نه‌بێ.

سەردار قاسم سوله‌یمانی به‌ ئه‌ندازیاری ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌کان داده‌نرێ‌ که‌ ئه‌وان کێشه‌ بۆ ئێران دروست نه‌که‌ن و ئێرانیش کاری به‌وان نه‌بێ‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، ته‌نانه‌ت خۆت له‌ هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ی (همشهری جوان) ئاماژه‌ت به‌وه‌دابوو که‌ سوله‌یمانی بووه‌ هۆی سه‌رگرتنی ئه‌و رێککه‌وتنه‌، به‌ نه‌مانی قاسم سوله‌یمانی چاره‌نووسی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ چی ده‌بێ‌؟

نازم ده‌باغ: له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یوه‌ندی یه‌کێتی و ئێران له‌ ساڵی 1985 ، له‌ زۆربه‌ی دانیشتنه‌کانی نێوان کۆماری ئیسلامی و یه‌کێتی به‌شداربووم. یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئێران رێککه‌وتووه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ی ئێمه‌ن، حکومه‌تى عێراق ئه‌وانى هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی کورد هێناونى، ناکرێ ده‌ریانبکه‌ین، بۆیه‌ وه‌ک میوان وه‌ریانده‌گرین، به‌ڵام ده‌بێ رێککه‌وتنێک بکرێ نه‌ ئێوه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ په‌لاماریان بده‌ن نه‌ ئه‌وانیش له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ په‌لاماری ئێوه‌ بده‌ن، ئه‌م رێککه‌وتنه‌ کرا. ئه‌وه‌ی سه‌رکێشی کرد موجاهیدینی خه‌لق بوو که‌ له‌ گوندى سه‌فره‌ و زه‌روون بوون. چوومه‌ لایان و قسه‌م له‌گه‌ڵ کردن زۆر بێمنه‌ت قسه‌یان کرد، منیش هۆشداریم دانێ و گوتم ده‌بێ له‌ ماوه‌ى 24 سه‌عات ئێره‌ جێبهڵێن. که‌ رۆیشتن هه‌موو باره‌گاکانیان ته‌قانده‌وه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ندین به‌یاننامه‌یان له‌ پاریس له‌دژى من ده‌رکرد. که‌ چوومه‌ پاریس و داواى مافى په‌نابه‌ریم کرد، به‌ هه‌فته‌یه‌ک وه‌رمگرت، چونکه‌ پێویستم به‌ ئیسپات نه‌بوو، بوو به‌ خێر بۆ من، دوای ئه‌وه‌ چه‌ندینجار شه‌ڕ بوو له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان. ئاخر شت له‌ ناوچه‌ی جاسووسان بوو. له‌وێش ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بوو وه‌ک ناوبژیوانێک، رێککه‌وتنه‌که‌ کرا. ئه‌و رێککه‌وتنه‌ش به‌ پشتیوانی حاجی قاسم بوو.

دواى تیرۆری سەردار قاسم سوله‌یمانى رێککه‌وتنى نێوان ئێران و حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵات به‌رده‌وام ده‌بێ؟

نازم ده‌باغ: ئێران موئه‌سه‌سه‌یه‌، واته‌ حاجی قاسم تاکێک نییه‌ بێت ئه‌مه‌ بکات له‌ پێناوی وڵاته‌که‌ی، به‌ڵام وه‌ک ئامرازێکه‌ له‌ بواری جێبه‌جێکردن. چه‌ندینجار له‌ به‌رپرسی باڵا گوێم لێبووه‌ که‌ ده‌ڵێ سیاسه‌تی ئێمه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئێمه‌ به‌رنامه‌که‌ى داده‌ڕێژین، به‌ڵام جێبه‌جێکار حاجى قاسمه‌. خۆشی ئه‌ندام بوو له‌و شوێنه‌ی بڕیاری لێ داده‌ڕێژرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157267

Your Comment

You are replying to: .
captcha