وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆردومانه‌که‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ئیدانه‌ ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ و بۆردومانه‌که‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ئیدانه‌ ده‌کات و‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات بۆردومان کردنی هه‌ر هێزێک که‌ دژایه‌تیی داعش ده‌کات و ده‌جه‌نگێت له‌گه‌ڵیدا ئه‌وه‌ پشتیوانی کردنه‌ له‌ داعش.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ 19ی حوزه‌یرانی 2018 ئه‌حمه‌د مه‌حجووب وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به ‌هه‌موو شێوه‌یێک ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ ئاسمانییه‌ ره‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌و هێزانه‌ی کردوووه‌ته‌ ئامانج که‌ له ‌ناوچه‌که‌دا شه‌ڕ له‌ دژی داعش ده‌که‌ن و ئه‌و بۆردومانه‌ بۆ سه‌ر هه‌ر هێزێک کرابێت له‌سه‌ر خاکی عێراق یان سووریا یان هه‌ر ناوچه‌یێکی دیکه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی داعش بووبێتنه‌وه‌ ئه‌وه‌ دوژمنکارییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌کات.

ناوبراو وتووشیه‌تی: "ئێمه‌ هه‌میشه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م وڵاتان ده‌که‌ین که‌ بێنه‌ به‌ره‌که‌مانه‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش به‌ڵام هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان ده‌بێت وردتر بن و هاریکاری ته‌واویان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا هه‌بێت که‌ له‌سه‌ر زه‌وی دژی داعش شه‌ڕ ده‌که‌ن و هاوکارییان بکه‌ن و به‌ ئامانج گرتنی ئه‌م هێزانه‌ که‌ هه‌ر ناوێکیان هه‌بێت و بۆردومان کردنیان وه‌ک پشتیوانییه‌که‌ بۆ داعش و دووباره‌ خۆڕێکخستنه‌وه‌یان".

ئه‌وه‌ش باس کراوه‌ "داعش شکستی گه‌وره‌ی هێناوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌ عێراقییه‌کان که‌ له ‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی داعشیان ده‌کرد، ئه‌و هێزانه‌ش سوپا، پۆلیس، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه‌ و دژه‌تیرۆر بوون که‌ به‌ پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌ته‌ دۆسته‌کان توانیویانه‌ دژی ئه‌و رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بجه‌نگن".

دوێنێ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ڕای‌گه‌یاند که‌ باره‌گایێکی له‌سه‌ر هێڵی سنووری سووریا بۆردومان کراوه‌ و ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌وڵێک بوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش ئه‌و هێڵه‌ سنورییه‌ کۆنترۆڵ بکات و داواشی له‌ لایه‌نی ئه‌مریکی کرد روونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ بدات.

دوای ئه‌وه‌ش فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان له ‌ناو خاکی عێراقدا بۆردومان نه‌کراون و ئه‌و هێزانه‌ش که‌ بۆردومان کراون له ‌ناو خاکی سووریادا بوون و به‌ بێ ئاگاداریی ئێمه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌.

هه‌ر دوێنێ به‌رپرسێکی ئه‌مریکی ڕای‌گه‌یاند که‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هیچ هێرشێکی ئاسمانی له ‌نزیک شاری ئه‌لبو که‌مال ئه‌نجام نه‌داوه‌.

سه‌رچاوه‌: میلله‌ت پرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15724

Your Comment

You are replying to: .
captcha