کوردپرێس:
عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای ده‌كات، له كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى پێیان ڕاگه‌یاندوون، کۆتایی بە قۆرخکاریی بازاڕ بهێنن، ده‌شڵێت:"وەک گۆڕان بەشداریمان لەحکوومەت هۆکارنییە بۆ بێدەنگیمان لەئاست خراپیەکان"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "جەختدەکەینەوە، ھەواڵی وەرگرتنی بودجە یان بڕە پارەیەک لەپارتی یان ھەر حزبێکی سیاسیی دیکە، زانیارییەکی ناڕاست‌و بێبنەمایە"
ڕێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "خەڵکی کوردستان خەباتی بۆ خۆشگوزەرانی کردوە بۆیە دەبێت ژیان‌و بژێویان پارێزراوبێت‌و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێت، ئێمەش وەک گۆڕان بەشداریمان لەحکومەت هۆکارنییە بۆ بێدەنگیمان لەئاست خراپیەکان‌و وەک هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکین‌و کار بۆ باشکردنی ژیانیان دەکەین".
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌دوا کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان كردووه له‌سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و وتوویه‌تى:"بە ڕوونی بەیەکێتی و پارتیمان وتووە، پێویسته کۆتایی بەقۆرخکاریی بازاڕ بهێنن و ڕێگریی بکەن لە بەردەوامیی قاچاخی سنوورەکان و دۆخ و بژێوی خەڵک باش بکەن".
ڕێكخه‌رى گشتیى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌و تۆمه‌تانه‌ش كردووه كه ده‌كرێنه سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ی و جه‌ختی كردۆته‌وه، "وتەبێژی گۆڕان ڕوونکردنەوەی پێوستی داوە و ئێمەش جەخت دەکەینەوە، ھەواڵی وەرگرتنی بودجە، یاخود بڕە پارەیێک لەپارتی دیموکراتی کوردستان، یان ھەر حزبێکی سیاسیی دیکە، زانیارییێکی ناڕاست‌و بێبنەمایە".
له‌باره‌ى دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕانیش عومەر سەید عەلی ته‌ئكیدی كردۆته‌وه، "لەئایندەیێکی نزیکدا پرۆسەی خۆڕێکخستنەوەو هەڵبژارنی ناوخۆیی‌و کۆنفڕانسی نیشتیمانی بەڕێوەدەچێت".
ئه‌م قسانه‌ى ڕێكخه‌رى گشتى گۆڕان له‌میانى كۆبونه‌وه‌یێكى حزبیدا هات كه ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سکرتێری کاروباری باژێڕەکان و باژێڕوانی سلێمانی، لەگەڵ ڕایەڵەی پیشەوارانی بازاڕی سەر بەئەنجومەنی قەزای سلێمانی ئه‌نجامی داوه.
*لە شارپرێس وەرگیراوە
Your Comment