بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەكانی 24ی حوزەیرانی توركیا بەردەوامە، دوێنێش لە شاری كۆجائەلیی توركیا كۆبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە بەشداری هەزاران كەس بەڕێوەچوو.
سەزای تەمەللی، هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە وتەیێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: بەهۆی تاوانەكەی پرسووس ئەوان بەخەمگینی جەژنی رەمەزان-یان بەڕێكردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد "ئەگەرچی هەموو شتێک ڕوونە و هەموو گەلی پرسووس شایەتحاڵی رووداوەكەیە، كەچی سەرۆک وەزیر و وەزیرەكان درۆ دەكەن، رووداوەكەی پرسووس ئاژاوەگێڕییە، بەر لە 3 رۆژ دێن دەستدرێژی دەكەنە سەر دوكانداران، دواتر بە چەتەی چەكدار دیسان دەچنەوە ئەوێ و 3 كەسی ئێمە تێرۆر دەكەن".
تەمەللی رونیشی كردەوە "لە 24ی حوزەیراندا زۆر شت دەگۆڕێت، دەیانەوێت هەدەپە لەژێر بەندی هەڵبژاردندا بهێڵنەوە، چوونكە ئەگەر هەدەپە لەژێر بەند بمێنێتەوە، 80 كورسی بۆ ئاكەپە دەچێت، ئێمە ئەم بەندە هەڵدەوەشێنین كاتێک ئەو بەندە هەڵدەوەشێت، كێشەی ئەردۆغانیش چارەسەر دەبێت".
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە باسی لە باری نائاسایی كرد لە توركیا كە ئەردۆغان رایگەیاندووە و وتی "ماوەی 2 ساڵە باری نائاسایی بەڕێوە دەبات، دەیان هەزار كەسیان لە كار دوورخستەوە، لە كۆجائەلی ئۆنوور هەمزەئۆغلوو كە لە پێناو خەڵک كاری دەكرد، لە كار دوورخرایەوە و بەهۆی ئەوەی وتی نا بۆ شەڕ دەستگیر كرا، ئێستا دەڵێت باری نائاسایی هەڵدەگرم، هەڵیگرە مەگەر كەس ڕێگەی لێ گرتووی؟ هەڵیناگرێت، چوونكە بە باری نائاسایی خۆی لەسەرپێ ڕادەگرێت".
سەزای تەمەللی هەر لەمیانی وتارەكەیدا ئەوەی خستەڕوو "پڕۆسەی دەنگدان لە هەندەران بەردەوامە و بە دەنگەكانی هەندەرانەوە هەدەپە لە شارەكانی كۆجائەلی، مانیسا، ئایدن و ئەنتاڵیا نوێنەر دەنێرێتە پەرلەمان، نەک تەنیا 80 پەرلەمانتار، بەڵكو هەدەپە 180 پەرلەمانتار دەنێرێتە پەرلەمان".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment