کوردی سووریا ئاڵوگۆڕی ئه‌سیرانی داعش له‌گه‌ڵ زیندانیانی کورد ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی جیهان- به‌رپرسانی کوردی سووریا هه‌واڵه‌ بڵاوکراوه‌کان له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی ئه‌سیرانی داعش له‌گه‌ڵ زیندانیانی کورد -که‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌دیل گیراون- ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی مه‌راکێش ئیدعای کرد به‌رپرسانی کوردی سووریا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ندامانی داعش له‌ به‌رانبه‌ر ئازاد کردنی ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ به‌دیل گیراون بۆ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش له‌ سووریا ده‌گوازنه‌وه‌. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ ئیدعای کردوووه‌ که‌ به‌رپرسانی کورد تاکوو ئێستا 35 ژنی دووگیان و 50 منداڵیان ڕاده‌ستی چه‌کدارانی داعش کردۆته‌وه‌.

کینۆ گابرییه‌ل وته‌بێژی هێزی کورد- عه‌ره‌بی سووریا به‌ ماڵپه‌ڕی دیفنس پۆستی ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌و ئیدعایه‌ ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌.

ناوبراو ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ڕاپۆرتگه‌لێکی زۆر له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ هیچ بنه‌مایێکی نییه‌ و دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌.

مسته‌فا بالی سه‌رۆکی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزی دیموکراتیکی سووریا پێکهاتوو له‌ هێزی کورد، عه‌ره‌ب و ئاشووری سووریا دروست بوونی هه‌واڵێکی وا له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی ئه‌سیرانی داعش له‌گه‌ڵ زیندانیانی کورد له‌لایه‌ن به‌رپرسانی کوردی سووریاوه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ئێمه‌ هاوژین و منداڵانی چه‌کدارانی داعشمان له‌ به‌رانبه‌ر هیچ شتێک ڕاده‌ستی ئه‌و گرووپه‌ نه‌کردۆته‌وه‌. ڕاپۆرتی ئه‌و ناوه‌نده‌ مه‌راکێشییه‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ یان ده‌بێت به‌ڵگه‌کانی بخاته‌ ڕوو یان داوای لێبوردن له‌ ئێمه‌ بکات.

ماڵپه‌ڕی دیفنس پۆست له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی به‌لژیکاش ئیدعای کردوووه‌ که‌ ژن و منداڵی چه‌کدارانی داعش که‌ له‌ دوو که‌مپی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ژین بۆ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش له‌ سووریا گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی بیلدی ئه‌ڵمانیا له‌باره‌ی هۆکاری ئه‌و کاره‌ی کورده‌کان ڕای‌گه‌یاندوووه‌ کوردی سووریا سه‌رچاوه‌ی داراییی پێویستی بۆ هێشتنه‌وه‌ی ژن و منداڵانی داعش له‌و ناوچه‌یه‌ نییه‌.

به‌رپرسانی کوردی سووریا چه‌ندین جار داوایان له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووه‌ که‌ چه‌کدارانی داعشی سه‌ر به‌و وڵاتانه‌ و بنه‌ماڵه‌کانیان قبووڵ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ تاکوو ئێستا وه‌ڵامێکی ئه‌رێنییان به‌ داواکاریی کوردی سووریا نه‌داوه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15618

Your Comment

You are replying to: .
captcha