به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌لیم كۆیی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به SNNی ڕاگه‌یاند: پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی پڕۆژه‌ی یه‌ک لیستیی نێوان لایه‌نه ئیسلامییه‌كان ده‌كرا به‌ڵام دیار بوو ڕێک نه‌که‌وتن و نه‌گونجان بۆیه بابه‌تی گه‌رمی ئێستا كه گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه و هه‌ندێک هه‌نگاویشی بڕیوه یه‌ک لیستیی نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه له ئێستادا له یه‌ک به‌ره‌دان بۆ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.
عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كۆنگرهیێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: دوای جه‌ژن و به‌ر له واده‌ی تۆماركردنی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان سێ لایه‌نه ئیسلامییه‌كه كۆ ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌ک لیست به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بكه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: "ڕه‌نگه دوای جه‌ژن كۆبوونه‌وه بكرێت به‌ڵام بۆ باس كردن ده‌بێت له یه‌ک لیستیی نێوان گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی و هه‌ر لایه‌نێک كه بیه‌وێت به‌شداریی ئه‌و به‌ره‌یه بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد بۆ بڕیاردان له یه‌ک لیستیی نێوان ئه‌و لایه‌نانه چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایار.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان و یه‌ک لیستی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان شكستی نه‌هێناوه به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و بابه‌ته پرسێک بێت چاره‌سه‌ری دۆخی هه‌رێم بكات و ئه‌وه‌ش پێویستی به هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه نه‌ک ته‌نیا سێ لایه‌نه ئیسلامییه‌كه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment