کوردپرێس:
بەگوێرەی ئەو روونكردنەوەیەی كە ئەمڕۆ 10ی 6ی 2018، لەلایەن وتەبێژێک بەناوی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بڵاو كراوەتەوە، تێیدا هاتووە" لەدوای چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانیان، بەسەر دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم، دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران، بەردەوامە لە راپەڕاندنی ئەركەكانی و كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات".
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە" بودجەی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، بەپێی یاسا و رێنماییەكان، لە وەزارەتی داراییەوە دیاریكراوە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی رۆژانەی دیوان، بەڵام لەدوای وازهێنانی مەسعوود بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ عەلی وەكوو سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكانیان، هیچ مووچە و بودجەیێكیان بۆ تەرخاننەكراوە".
لە كۆتا خاڵی روونكردنەوەكەی وتەبێژی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمدا هاتووە" لە هەواڵەكاندا ئاماژە كراوە بە لێدوانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەربارەی مووچەی سەرۆكی هەرێم و بودجەی سەرۆكایەتیی هەرێم، ئێمە لێرەدا رایدەگەیەنین كە ئەو زانیارییانە نادروستن و دوورن لە راستییەوە، بۆیە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم بە مافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی تۆمار بكات بەرامبەر بەو كەسانە.
Your Comment