کوردپرێس:
لە بەیاننامەیێکدا کە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ڕاسپاردووە پشکنین بۆ شوێنی ڕووداوەکە بکەن و لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدەن، دواتریش لە ڕاپۆرتێکی وردەکاریدا ڕوداوەکە و زیانەکانی ئاشکرا بکەن، دوای ئەوەی بە شێوەیێکی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی هێزە ئەمنییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە بۆ پاراستنی شوێنی سندوقەکانی دەنگدان لە دەرەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییێکیان نییە بە ناوەوە و شێوازی هەڵگرتنیان، ئەویش بۆ جەختکردنەوە لە پاراستنی سەربەخۆیی هێزە ئەمنییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری هەڵبژاردنەکاندا، بۆئەوەی بتوانرێت کەشێکی ئارام بۆ دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان فەراهەمبکەن.
لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو باند و گرووپانەی کە دەیانەوێت یاری بە ئاسایش و هەڵبژاردنەکان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینی هۆکاری ڕوودانی سوتانی کۆگای هەڵگرتنی دەنگدانی هەڵبژاردنەکان، کە هاوکات بووە لەگەڵ ساڵیادی دەستبەسەراگرتنی شاری مووسڵ لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێیویست دەگرنەبەر و بە دەستێکی پۆڵایین لەو کەسانە دەدەن کە بیانەوێت ئارامی و ئاسایش تێک بدەن و یاریی پێبکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایێکی ئامادە کردووە بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ڕابردوو هەڵدەوەشێنێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، بەر لەوەی پرۆسەی بژاردنی دەستی دەنگەکان دەستپێبکات، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژادنەکان لە ناوچەی ڕەسافە لە نزیک شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش ڕایگەیاند، بەشێک لە سندووقەکان بە تەواوی سووتاون
Your Comment