فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بناری قەندیل بۆردومان دەکەن

به‌شی تورکیا- کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک ناوچەکانی بناری قەندیلیان بۆردومان کردوووە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دۆلی بالەیان و گوندی بوران و کەلەکێ بالەیان و گەلەی بەدرانی بۆکریسکان بۆردومان دەکەن.

دوێنێش ناوچەکانی چیادێل و کەورت لە سنووری برادۆست لە لایەن تورکیاوە بۆردومان کران و بەهۆی ئەو بۆردومانەوە خەڵکی ناوچەکە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون بەڵام تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە دوایین لێدوانیدا و بە بیانووی بوونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان لە قەندیل و ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕای‌گەیاند: ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا بێت هێرش بکەنە سەر قەندیل و شنگال و مەخموریش.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکانى "دى" و سی ئێن ئێن تورک، ئەردۆغان ڕای‌گەیاند: ئەگەر هەر مەترسییێک لە عێراقەوە هەبێت بۆ سەر تورکیا، کە ناوبەناو هەیە، بە خێرایى ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا باس دەکەن.

وتیشى: ئەگەر بەغدا وتی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات ئەوا باشە، بەڵام ئەگەر وتى ناتوانێت چارەسەرى بکات، ئەوا ئەنقەرە مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت و ڕەنگە هێرش بکاتە سەر قەندیل و شنگال و تەنانەت مەخموریش، وەک ئاماژەیێک بۆ کەمپى مەخموور، کە ژمارەیێکى زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانى پارتى کرێکارانى کوردستان و خێزانەکانیان تێیدا نیشتەجێن.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشی‌گەیاند: مەخموور شوێنێکى زۆر گرنگە و بە لانەى پەکەکە ناوى برد، باسى لەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان باسى گرنگى مەخموریان کردوووە و داواى لێکردوون کە بە زوویى بابەتى مەخموور چارەسەر بکات، چوونکە پەکەکە ئەندامەکانى لەوێ پێدەگەیێنێت و پەروەردەیان دەکات.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15371

Your Comment

You are replying to: .
captcha