دەروازەی سنووری خەسرەوی کرایەوە

بەشی کرماشان- سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان بە فەرمی ڕایگەیاند پاش بەدواداچوون و ڕاگۆڕینەوەی ژووری بازرگانی و سەنتەری پێوەندیی ئابووریی ئێران و عێراق دەروازەی سنووری خەسرەوی بە ڕووی بازرگاناندا کرایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند بازرگانانی ناوچەکە دەتوانن سەردانی ژووری بازرگانی بکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزە و دەست بکەن بە ئاڵوگۆڕ کردنی بازرگانی لەو دەروازە سنوورییەوە.

دەروازەی سنووری خەسرەوی لە مێژەوە لە نێوان ئێران و عێراقدا کراوەیە و بەهۆی نزیک بوونی لە بەغدا و شارە شیعەنشینەکان وەکوو کەربەلا، کازمین و سامڕا دەروازەیێکی ستراتیژییانەیە بۆ ئێران.

ئەو دەروازە فەرمییە تەنها 190 کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە و مەودای دەروازەکە تا نەجەف 380 کیلۆمەتر و تا کازمین 203 و تا کەربەلا 300 و تا سامڕا 326 کیلۆمەترە.

پارێزگای کرماشان دوو دەوازە سنووری فەرمی و هەرە گرینگی هەیە کە یەکیان دەروازەی پاروێزخانە کە دەروازەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە و ئەوی دیکەشیان دەروازەی خەسرەوییە کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و حکوومەتی ناوەند هەیە و لە شاری قەسرشیرینەوە 20 کیلۆمەتر دوورە.

News Code 15353

Your Comment

You are replying to: .
captcha