کوردپرێس:
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له راگهیهنراوێكدا باسی لهوهكردووه، لە كۆبوونەوەیان لهگهڵ لایهنه سیاسییهكان پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییە تازەكاندا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەكانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان، تاوتوێكرا.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا كێشە و نیگەرانییەكان خرانە ڕوو و جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كرایەوە.
وەك لەڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەقەڵەمدا و هیوای خواست یاساكە جێبەجێ بكرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت و ڕێخۆشكەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوەكاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە جەختی لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەكان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوه و میكانیزمێك بۆ بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە كردەوە.
Your Comment