بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: "بە هۆی کەمی و نەبارینی ڕێژەی بارانی پێوست لەمساڵدا، بەروبوومی دانەویڵەی گەرمیان مەترسیی فەوتانی لەسەرە.
ناوبراو دەشڵێت ١٣ ساڵیش دەبێت بێبارانیی بەم شێوەیە ڕووی لە ناوچەکەمان نەکردووە، بە شێوەیێک 90%ی بەرهەمی جووتیاران زیانی بەرکەوتووە، تەنها یەک دوو ناوچەیەک نەبێ (قۆرەتوو – مەیدان) کە تاڕادەیێک بەروبووم لەوێ باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە یەک دوو بارانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی دروێنە".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان گوتیشی: "ئەوەی ئێستا مەترسیی لەسەرە، تەنها بەرهەمی دانەوێڵە نییە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەڵکوو کەمبارانی، کێشەی گەورەی بۆ خاوەن ئاژەڵەکان دروست کردووە لەبەر نەبوونی لەوەڕی پێوست بۆ ئاژەڵەکان، ئەمەو سەرەڕای ئەوەی مەترسیی گەورە لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دروست بووە، بۆیە ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕین، هەم زیان بە کشتوکاڵ و داری سرووشتی و باخەکان دەگەیەنێت و هەم بە ئاژەڵداری، هەروەها واش دەکات رێژەی ئاوی ژێرزەوی و کانیاو و کارێزی گوندەکانیش دابەزێت و تەنانەت لە هاویندا وشکیش بکات".
شادیە حوسێن روونیشی کردەوە: "بۆ کەم کردنەوەی ئاسەوارەکانی ئەو زیانەی کە بە هۆی کەمبارانی ڕووی داوە، ڕاپۆرتێکمان پێشکەش بە ئیدارەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەرمیان و وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە و داوامان کردووە بەپەلە بودجەیێک تەرخان بکرێت لە ئەگەری وشکەساڵی و ڕاگەیاندنیدا بۆ دابین کردنی ئالیک و بنەتۆو بۆ وەرزی چاندن".
ناوبراو دەشڵێت: "دەبێ پلانی درێژخایەن بۆ سنووری گەرمیان دابنرێت، چوونکە بەداخەوە بەپێی پێشبینییەکان، بە هۆی ئەو گوڕانکارییانەی بەسەر کەشوهەوادا هاتووە، گەرمیان ساڵانی داهاتووشی زۆر باش نابێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئیدارەیێکی باشی ئاوی سیروان بدرێت، کە بەداخەوە ئێستا کارگەیێکی زۆری چەو و لمی سنوورەکەی لەسەرە و بەدەر لەوەش، لە دیوی ئێرانەوە بەنداوی زۆری لەسەر کراوە، جگە لەمانەش ئەگەر پڕۆژەی بەنداوی بەردەسوور و باوەنوور لە کاتی خۆیدا تەواو بکرانایە و رانەگیرابان، ئێستا گرفتی ئەم کەمبارانییە بێگومان کەمتر دەبوو لە ناوچەکە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment