موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەکیم هاوپەیمانێتییان ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیستەکانی سائیروون و وەتەنییە و حیکمە کە موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەکیم سەرۆکایەتییان دەکەن، هاوپەیمانێتییێکیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند و لە سەر 12 خاڵ ڕێککەوتوون.

کوردپرێس:

هەریەک لە سائیروون ، رەوتی حیکمە و هاوپەیمانیی وەتەنییە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی پێکەوە و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن. ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی رەوتی حیکمە دەڵێت: "لێکگەیشتنی قووڵ لە نێوانماندا هەیە و دەرگامان کراوەیە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە".

عەبدوڵڵا زەیدی ، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی رەوتی حیکمە لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لێکگەیشتی قووڵمان لەگەڵ هەریەک لە هاوپەیمانیی سائیروون و وەتەنییە هەیە و گەیشتووینەتە چەند بنەمایێکی جێگیر. لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامە و دەرگامان کراوەیە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە لە کورد ، سوننە و شیعە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایێکی نیشتمانی بێنە نێو هاوپەیمانییەکەمان بۆ ئەوە بتوانین زۆرینەیێکی رەها پێکبهێنین".

ئەو سێ هاوپەیمانییە نزیکەی 100 ئەندام دەبن و لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە زۆرینەیێک پێکبهێنن بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتی داهاتووی عێراق دروست بکەن و دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە بگرنە دەست.

هاوپەیمانییەکە لەژێر ناوی (زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی) پێکهێنراوە و لەسەر ١٢ خاڵ ڕێککەوتوون کە ئەمانەن:

١ـ زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی.

٢ـ یەکپارچەیی عێراق و پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان.

٣ ـ هاوپەیمانێتییەکە دەرگای لەبەردەم لایەنەکانی تر واڵایە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تەنها پشت بە خۆی نابەستێت.

٤ـ کوتلەی زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی بەرنامەیێک بۆ حکوومەت دادەنێت و وادەش بۆ جێبەجێکردنیان دیاری دەکات، بەرنامەکە ئەم بنەمایانە لەخۆدەگرێت:

ـ چاکسازیی ئابووری و چالاککردنی کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی وەبەرهێنان.

ـ لامەرکەزییەت.

ـ بە سیاسی نەکردنی دامەزراوە ئیداری و سەربازییەکانی حکوومەت.

ـ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێگری لە بە سەربازیکردنی کۆمەڵگە.

ـ چاوخشانەوە بە بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە ماوەیێکی دیاریکراودا.

ـ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕەخسانی هەلی ژیان بۆیان.

ـ دروستکردنی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگ لە دروستکردنی حکوومەتەوە.

٥ـ بەرنامەی حکوومەت میکانیزمی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لەخۆدەگرێت.

٦ـ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەرنامەی کاری حکوومەت لە ماوەیێکی دیاریکراودا جێبەجێ دەکات.

٧ـ تایبەتمەندیی ئەم پۆستانە دیاری دەکرێت (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکوومەت، کابینەی حکوومەت، ئەو پۆستانەی لە دەستوور ناویان هاتووە لەگەڵ نەهێشتنی بەڕێوەبردنی بەوەکالەت)

٨ـ دەستە سەربەخۆکان لەگەڵ کابینەی حکوومەت جێگیر دەکرێن.

٩ـ زامنکردنی سەربەخۆییی دادگا و چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری.

١٠ـ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دوور لە دەستێوەردان.

١١ـ دانانی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ و کارکردن پێی لە ماوەی ٢ ساڵدا.

١٢ـ دروستکردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی، ئەویش بە دەرکردنی یاسا.

ئەم هاوپەیمانییە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەبێت، کە ژمارەی کورسییەکانی لە ١٠٠ کورسی تێپەڕ دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکراوە و پەرلەمانیش بڕیاری داوە تەواوی دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15270

Your Comment

You are replying to: .
captcha