حەیدەر عەبادی: داوا دەکەین تورکیا ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک لە ناویشیاندا تورکیا.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا کە بەشێکی تەرخان کردبوو بۆ قسەکردن لە قەیرانی گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێران و بابەتی پەکەکە ڕایگەیاند، لایەنی تورکی چەندین ساڵە باس لە بابەتی پەکەکە دەکات، کێشەی چیاکانی قەندیلیش ماوەی ٤٠ ساڵە هەیە، بۆیە ڕازی نابن بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر خاکی هیچ وڵاتێک بە تورکیاشەوە.

عەبادی ڕایگەیاند "ئامادەی هەماهەنگین لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و پاراستنیان، ئێمەش دەوڵەتی هاوسێین بۆیە ڕێگە نادەین بە پێشێلکاری لە دژی هیچ دەوڵەتێکی هاوسێ".

دەربارەی هاتنی هێزەکانی سوپای تورکیاش بۆ ناوخۆی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر خاکی عێراق سوپای تورکیا بەو شێوەیە بوونی نییە کە باس دەکرێت، ئەوە ڕاگەیاندنەکانە بابەتەکەیان گەورە کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی سەربازی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەتایبەت بۆ کوردستان، لە ئێستاشدا بوونی کەمی هەیە، ئەگەر نییەتی ئەوەی هەبێت بۆ زیادکردنی ئەو هێزانە، ئەوا ئەوان ڕازی نابن و بە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی دادەنێن.

هه‌روه‌ها وتى، چاودێرى تانه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و ده‌بێت كۆمسیۆن و ده‌سته‌ى دادوه‌رى رۆڵى خۆیان ببینن،"لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ ساخته‌كارى بۆى ده‌ركه‌وتووه‌و كۆمسیۆن به‌رپرسیارێتى هه‌ڵده‌گرێت"

لە کۆتاییی وتەکانیدا عەبادی داوای لە تورکیا کرد ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت وەک دوو هاوسێ، وتیشی ڕازییش نابن بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەرییان.

ئەو وتانەی حەیدەر عەبادی لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چەندجارێک ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و دەیان سەربازی تورکیا کوژراون.

میدیاکانیش باس لەوە دەکەن سوپای تورکیا بە قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناوخۆیی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15200

Your Comment

You are replying to: .
captcha