کوردپرێس- ماڵپەری وەزارەتی نەوتی ئێران هەواڵێکی بڵاوکردەوە کەبەپێی هەواڵەکە دوای ئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا واژۆ کردووە هەتا لەڕێگەی تەنکەرەوە نەوت ڕەوانەی ئێران بکرێت، ڕۆژی 3ی حوزەیران یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی خاوی کەرکووک گەیشتۆتە ناوچەی (درە شەهر) لە پارێزگای ئیلام.
ماڵپەڕی وەزارەتینەوتی ئێران ئەوەشی خستۆتە ڕوو، بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕۆژانە ٣٠ هەزار بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کەرکووک ڕەوانەی ناوچەی درە شەهر دەکرێت لە پارێزگای ئیلام.
وەزارەتی نەوتی ئێران باسی لەوەش کردووە، لە داهاتوودا کار بۆ ئەوە دەکەن لەڕێگەی بۆرییەوە لە شاری (تنگ فنی) لە باشووری پارێزگای لۆڕستانەوە نەوتی خاوی کەرکووک بگوازنەوە و دواتر لەڕێگەی پاڵاوگەکانیان لە شارەکانی کرمانشان و تاران و تەبریزەوە پاڵاوتن بۆ نەوتەکە بکرێت و دواتر ڕەوانەی کەنداوی دەکەن بۆ فرۆشتن.
باسی لەوەش کردووە، ئێران حەقدەستی خۆی لە پاڵاوگەکان وەردەرگرێت و پارەکەی تری ڕادەستی عێراق دەکات.
هاوکات بە وتەی بەرپرسانی پارێزگای کەرکووک لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناردنی نەوتی خاو لە شارەکە ڕاگیراوە و ئەمەش دەبێتە یەکەمین ناردنی نەوت لە پارێزگاکەوە بە شێوەیێکی فەرمی.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment