بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەواڵنێری AFPی فەڕەنسا لە عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: دادگای سزای ناوەندیی بەغدا، "ملینا بوغدیر" ژنێکی فەڕانسەیی بە ڕەچەڵەک جەزائیر-ی بە ئەندامێتی لە داعش تۆمەتبار کرد و زیندانی هەتایی بەسەردا سەپاند. ملینا بوغدیر ساڵی ڕابردوو لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق دەستگیر کرابوو.
دادوەری دادگای سزای بەغدا جەختی کردەوە کە بەڵگەی پێویست بۆ مەحکووم کردنی بوغدیر بە زیندانی هەتایی بەدەستۆیە.
بەم حاڵەشەوە، ئەو ژنە فەڕەنسەییە کە چوار منداڵی هەیە و سێ منداڵی بۆ وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە، لە دادگادا جەختی کرد لەسەر بێ تاوانیی خۆی و ڕایگەیاند: هاوسەرەکەی فریوی داوە و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر هاوڕێیی نەکات منداڵەکانی لەگەڵ خۆی دەبات.
بوغدیر کە 27 ساڵ تەمەنی هەیە هاوینی ساڵی ڕابردووی زاینی لە شاری مووسڵ لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق دەستگیر کرا.
ئەوەش لە حەڵێکدایە کە "ژان ئیو لوردیان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێنجشەممەی ڕابردوو جەختی کردبوو کە بوغدیر وەکوو ئەندامێکی داعش دژی عێراق شەڕی کردووە بۆیەش دەبێت لەو وڵاتەدا دادگایی بکرێت.
شایانی باسە کە دادگاکانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا زیندانی هەتایی و لەسێدارەدانی بۆ زیاتر لە 300 تیرۆریست دەرکردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment