بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەدی حاجی مەحموود لە لێدوانێکیدا بۆ SNN لە ساڵڕۆژی دیاری کردنی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد بۆ عێراق رایگەیاند: مام جەلال پیاوێکی گرنگی هەرێم و ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بوو، پیاوێک بوو رۆڵێکی گرنگی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا هەبوو، توانی هێزێکی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست بکات.
ناوبراو راشیگەیاند: مام جەلال ئەو پیاوە بوو کە توانی لە چادرێکەوە لە قەندیل و نۆکانەوە بگات بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەو توانی حیزبەکەی وا لێبکات وڵاتێکی گەورەی وەکوو چین رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات.
بەوتەی محەمەدی حاجی مەحموود، مام جەلال توانی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کوردی قسە بکات، مێژووی کەرکووکی خستە بەردەم ئەنجومەنی حوکم لە عێراق.
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت مام جەلال ماڵەکەشی کردبووە چەتر و رەشماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکان، بۆیە قورسە بتوانرێت شوێنی پڕ بکرێتەوە لەئێستادا.
محەمەدی حاجی مەحموود وتیشی: هیوادارم بتوانین هەموومان سوود لە راوبۆچوون و کارەکانی مام جەلال وەربگرین بۆ ئێستا و داهاتوومان.
ئاماژەی بەوەش دا "مام جەلال پێش هەموو شتێک ماڵی کوردی رێکخست و لەگەڵ پارتی ئاشتەوایی هێنایە کایەوە و چووە پیرمام بۆ ئەو مەبەستە، کاتێک ماڵی کوردی رێکخستەوە، جەنابی مام جەلال بە گوڕ و تینێکی گەورەوە چووە بەغدا و بە حوکمی تەمەن و خەبات و کەسایەتییەکەی هیچ کەس و لایەنێک نەیدەتوانی داواکان و پێشنیازەکانی ڕەت بکاتەوە".
ناوبراو وتیشی: "ئەو کاریزماییەی مام جەلال وایکرد ماڵەکەی ببێتە چەتر و رەشماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکان بە سوننە و شیعە و تورکمان و کلد و ئاشووری و هەموو پێکهاتەکانی دیکە".
بەوتەی ئەو سەرکردەیەی سۆسیالیست "مام جەلال توانی عێراقێکی هەڵوەشاوەی لەبەر یەک دابڕاو کۆ بکاتەوە و جارێکیتر بیکاتەوە بە عێراقێکی کۆکراوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment