بەپێی هەواڵی کوردپرێس پەرویز ئیدەپوور قایمقامی شاری پاوە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند مەرزی شۆشمێ لە مانگی ڕەزبەری ساڵی پارەوە داخراوە و ئێستا ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم حەفتەیەدا مەرزەکە بکرێتەوە.
قایمقامی شاری پاوە ئەوەشی زیاد کرد شێوازی چالاکی کردنی کۆڵبەرەکان لەو مەرزە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و پێچەوانەی پێشووتر ئێستا کۆڵبەرەکان لە ژێر چاودێریی گومرگدا کار دەکەن و ئەو هاووڵاتییانی دانیشتووی سەر سنوورەکان کارتی سنوورنشینییان هەیە دەتوانن لە بازاڕچەی شۆشمێ کار بکەن.
ئیدەپوور گوتیشی ئێستا هەناردە کردنی کاڵا لە مەرزی شۆشمێوە بەردەوامە و هاوردە کردنیشی لە کۆتایی ئەم حەفتەیەوە دەست پێدەکات.
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر مەرزی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و لە 6 دەروازە و بازاڕچەی سنووری کرماشانەوە ڕێژەیێکی زۆر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەبێت و نزیکەی 50 لە سەدی بەرهەمی نانەوتیی ئێران لە ئەو سنوورانەوە هەناردە دەکرێت.
Your Comment