بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رووسیا تودەی رایگەیاند، "دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراقەوە پەند وەربگرێت و لە سووریا بكشێتەوە"، هەروەها بەڵێنیشداوە بەگەڕانەوەی ئەو ناوچانەی وڵاتەكەی كە لەلایەن ئەو هێزانەوە گیراون كە ئەمەریكا پشتیوانی دەكات، "ئەوەش بەدانوستان بێت یان بە هێز".
بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەش كرد، "حكوومەتی سووریا دەستی كردووە بەكردنەوەی دەرگاكان بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كە هێزێكی چەكداری كوردییە و چەندین ناوچەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا گرتووە و كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تێدایە".
بەشار ئەسەد دەشڵێت، "ئەوە بژاردەی یەكەمە، ئەگەر ئەوەش نەبوو ئێمە پەنا دەبەینە بەر ئازادكردنی ئەو ناوچانە بە هێز، هیچ بژاردەیێكی دیكە نییە لەگەڵ ئەمەریكا یان بەبێ ئەمەریكا، دەبێت ئەمەریكییەكان سووریا بەجێبێهڵن".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمەریكییەكان هاتن بۆ عێراق بەبێ هیچ بنەمایێكی یاسایی، بزانن چیان بەسەرهات لەوێ، پێویستە ئەوان لەمەوە وانە فێرببن، نە لەسوریا و نە لەعێراق هیچ دەرهاویشتەیەكیان نییە، خەڵكی ئێرە چی دیكە خەڵكی بیانیان قبوڵ نییە لەم ناوچەیەدا".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment