تورکیا: ئەمریکا فڕۆکەی ئێف-35مان پێنەفرۆشێت، بیر لە بازاڕی دیکە دەکەینەوە

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف-35 بە تورکیا نەفرۆشێت، بیر لەوە دەکەنەوە پێویستییەکانیان لە شوێنی دیکە دابینبکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی کڕینی فڕۆکەی F-35 لە ئەمریکابە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئەو فڕۆکانە بە تورکیا نەفرۆشێت، ئەنقەرە بیر لە بازاڕی دیکە دەکاتەوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی.

چاوشئۆغڵۆ لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ هۆکار و پاساوێک نییە کە ئەمریکا ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا نەفرۆشێت و "چونکە تورکیا تاوەکو ئێستا بەباشی پابەندی رێککەوتنەکان بووە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ئیدارەی ئەمریکا هیچ شتێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پێفرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا نیشانەداوە، "پێشناچێت بیانەوێت رێککەوتنەکە لەبارببەن، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئەو رێککەوتنە هەڵوەشێننەوە، تورکیا روو لەبازاڕەکانی دیکەی کڕینی فڕۆکە و چەک دەکات".

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ پێنەدانی چەکی قورس بە تورکیا، بڕیارە رۆژی 21ی حوەزەیران ئەمریکا پێنج فڕۆکەی جەنگی جۆری "ئێف-35" رادەستی سوپای تورکیا بکات، ئەوەش لەکۆی 30 فڕۆکە جەنگی لەو جۆرە.

رۆژی 21-6-2018 لە مەراسیمێکدا لە ئەمریکا یەکەم کاروانی ئەو فڕۆکانە دەدرێنە تورکیا، کە سەرەڕای ناکۆکییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی، ئەمریکا بە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی ناویدەبات و هەردوولاش هاوپەیمانی بەهێزی ناتۆن.

فڕۆکەوانە تورکییەکان لە ئەمریکا خولی راهێنان دەبینن، ئەوەش پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵ فڕۆکەکان بگەنە تورکیا.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15033

Your Comment

You are replying to: .
captcha