بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەلاح مستەفا راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفزیۆنی رووداوی رایگەیاند: "لە پەیوەندی داین لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار بۆ دانانی کاتی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەو سەردانە لە رۆژانی داهاتوو و لە ئایندەیێکی نزیک دەکرێت.
لە بارەی پەیوەندیی یەکێتی و پارتی فەلاح مستەفا دەڵێت: "لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەت، لایەنەکان پێکەوە کاردەکەن، رەنگە لە هەندێک پرسدا هەڵوێستی جیاواز هەبێت، هیواخوازین هەردوولا بێنە پێشەوە بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان و ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت".
کەمتر لە هەفتەیەک تێپەڕیوە بەسەر پەسندکردن یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیش تێیدا جێگیرکراوە، راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای بودجە بە نموونەی هاوهەڵوێستی و یەکدەنگی لایەنەکان دادەنێت و دەڵێت: "دەرکەوت یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی چەند گرنگە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەو مافە دەستووریانەش بپارێزین کە بەدەست هاتوون".
فەلاح مستەفا باسی نێوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ پاریس و دەڵێ: "راشکاوانە هەموو پرسەکان تاوتوێ کران، لەوانە شەڕی داعش، هاوکاری مرۆیی بۆ پەنابەران، دۆخی کەمینەکان لە عێراق باس کران، سەرۆکی فەرەنسا داوای پەیوەندییێکی بەهێزی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات".
لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و باس کردنی ئەنجامی سەردانەکەی بۆ پاریس، فەلاح مستەفا دەڵێت: "ئەو سەردانە لەماوەیێکی نزیکی داهاتوو دەکرێت، لە پەیوەندی داین لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار بۆ دانانی کاتی سەردانەکە، ئەو سەردانە لە رۆژانی داهاتوو و لە ئایندەیێکی نزیک دەکرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment