په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان ڕه‌خنه‌ی توند له ‌فوئاد مه‌عسووم ده‌گرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هۆشیار عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕه‌خنه‌ی توند له‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ده‌گرێت كه‌ تێیدا دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ناده‌ستووری وسف كردبوو، هاوكات ڕوونیشی ده‌كاته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار دامه‌زراوه‌یێكه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانییه‌وه‌ "ئیراده‌ی دزراوه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هۆشیار عه‌بدوڵڵا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای‌گه‌یاند: "به‌لای ئێمه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به‌رگری له‌ پرۆسه‌ی ساخته‌كاری له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، به‌تایبه‌ت له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ بۆ هه‌موان سه‌لمێنراوه‌ كه‌ له ‌ماوه‌ی چوارساڵی ڕابووردوودا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ دامه‌زراوه‌یێکی ئیراده‌ دزراو بوووه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌ و زۆربه‌ی زۆری هه‌ڵوێست و به‌یاننامه ‌و لێدوانه‌كانی به‌پێی پێوانه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بوووه‌ كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ده‌ستی هه‌بوووه‌ له ‌ساخته‌كاریدا".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان راشی‌گه‌یاند: "ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هه‌ر به‌ ته‌نیا به‌ نه‌فه‌سێكی حیزبیانه‌ و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیانه‌ بڕیاره‌كانی ده‌رناكات، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت بودجه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌ و دامه‌زراندانی كارمه‌ندان و پۆسته‌كانی ناو دامه‌زراوه‌كه‌ش له ‌لایه‌ن حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆک كۆماره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و ئاراسته ‌ده‌كرێت".

هۆشیار عه‌بدوڵڵا له ‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، له ‌كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له ‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی سستی و ناچالاكی و كاریگه‌رنه‌بوونی له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسی و جدیه‌ت نه‌بوونی له‌و پرسه‌ گرنگ و ستراتیژییانه‌ی، كه‌ ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی وڵات بۆ‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی توند بۆ‌ته‌وه‌، كه‌چی ده‌بینین له‌م دواییه‌ ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ خه‌وی درێژی خه‌به‌ری بۆ‌ته‌وه‌ ئه‌ویش بۆ به‌رگری كردن له‌و ته‌زویر و ساخته‌كارییه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12 ئایاردا ڕووی داوه‌ جا چ له‌ هه‌رێمی كوردستان بێت، یاخود له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی عێراق و بۆ‌ته‌ دامه‌زراوه‌یێكی چالاک كه‌ لێدوان ده‌دات و به‌یاننامه‌ ده‌ر ده‌كات".

هه‌روه‌ها روونی كردۆ‌ته‌وه كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له ‌دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵوێستێكی لایه‌ندارانه‌ و دژ به‌ ده‌ستووره‌، هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستووری بوووه‌، ئه‌وه‌ ناده‌ستوورییه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رگری بكه‌یت له ‌ئیراده‌ی دزراوی خه‌ڵكی و ده‌نگه‌كانیان بێیت به‌رگری له‌ فه‌زیحه‌یه‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ها بكه‌یت كه‌ بۆنه‌كه‌ی گه‌یشتۆ‌ته‌ ڕاڕه‌وه‌كانی باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش".

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15014

Your Comment

You are replying to: .
captcha