پارتی تا ئەم کاتە نەچۆتە هیچ هاوپەیمانێتییێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند وەک قەبارەیێکی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکەن و ئەگەرچی سەردانی لایەنەکان هەیە بەڵام تا ئەم کاتەش پارتی نەچۆتە هیچ هاوپەیمانێتییێک بۆ هەڵبژاردنەکە.

کوردپرێس:

خه‌سره‌و گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له‌ ١٠ی ١٠ ئه‌نجام بدرێت، ئێمه‌ ناتوانین ئاینده‌ بده‌ین به‌ده‌ست قه‌ده‌ر و پێشبینی بکه‌ین، ده‌کرێت یان ناکرێت، وه‌ک هه‌ر قه‌واره‌یێکی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له ‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ که‌ به‌غدا بڕیاری جێبه‌جێکردنی هه‌ڵبژاردنی داوه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ ئاماده‌کاری کردووه‌، له‌ هه‌موو شوێنێكی کوردستان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین؛ له‌ شنگال تا مه‌نده‌لی و به‌غدا و به‌دره‌ و جه‌سان و که‌رکووک به‌شدارین. ئاماده‌کارییه‌كان قۆناغ به‌ قۆناغ ده‌که‌ین، چوونکه‌ کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن، خشته‌یێکی هه‌یه‌ به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ ده‌ڕۆین، گرنگتر له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵکی ئێمه‌ بچنه‌ بنکه‌کانی تۆماری ده‌نگدان و خۆیان تۆمار بکه‌ن."

به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایشیگه‌یاند: "بۆ قۆناغی دووه‌م داوامان کردووه‌ کارته‌کانی ده‌نگان وه‌ربگرنه‌وه‌ و دواتر ده‌بێت کادیر و ئه‌ندامی خۆمان بچنه‌ ده‌نگدان، ئێستا سه‌رقاڵی دیاریکردنی کاندیدی خۆمانین، چوونکه‌ ١٧ی ٤ کۆتا واده‌یه‌ بۆ ناردنی ناوی کاندید و دواتر تا ١ی ٥ دواین واده‌یه‌ بۆ تۆماری هاوپه‌یمانی."

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "به‌ربژێره‌کانی پارتیمان دیاری کردووە به ‌مه‌رج بوون و کۆمسینیش هه‌ندێک مه‌رجی داناوه‌ بۆ کاندید، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پارتی سه‌نگی به به‌‌هێزی بمینێته‌وه‌."

له‌باره‌ی چوونی پارتی بۆ ناو هاوپه‌یمانیی نوێ، خه‌سره‌و گۆران ڕایگه‌یاند: "هیچ هاوپه‌یمانییێک پێک نەهاتووە نه‌ له‌ کوردستان و نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، ڕاسته‌ سه‌ردانی یه‌کتری هه‌یه‌، لێکگه‌یشتن هه‌یه،‌ به‌س هاوپه‌یمانی نه‌کراوه."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌ی كورسییه‌كانی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌؟ به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی ڕایگه‌یاند:‌ "ئێستا پارتی ٢٦ کورسیی له ‌به‌غدا هه‌یه،‌ به‌س ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌خته‌ و یاساکه‌ی نوێیه‌ و ناتوانین بۆ داهاتوو پێشبینی بکه‌ین."

گوتیشی: "پێشبینی ده‌که‌م ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هاوکێشه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان بێگومان وه‌ک ئێستا نابێت."

News Code 1501

Your Comment

You are replying to: .
captcha