بەپێی هەواڵی کوردپرێس کازم العقابی بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی ناوچەی ئیلامیان کرد و لە دیداری بەڕێوەبەری گومرگی ئێران و پارێزگاری ئیلام و ژمارەیێک لێپرسراوی ئابووریی ئێران دیدارێکیان پێک هێنا و هەر دوو لا جەختیان کردەوە لە پەرەپێدانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار لە دەروازەی سنووری مێهران و زەڕباتییە.
لە دیدارەکەدا پارێزگاری واسیت و بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکانی عێراق تیشکیان خستە سەر فراوان کردنی ڕێژەی بازرگانی و وتیان ئەو ژێرخانەی ساڵی 2009 بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی زەڕباتییە ئامادە کراوە پێویستی بە دەوڵەمەند کردن هەیە چوونکە ئێستا ڕێژەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق زیادی کردووە.
ناوبراو زیادی کرد ئێستا هەردوولا کۆکن لە سەر ئەوەی هاوکات سەد بارهەڵگر لەو دەروازە سنوورییەوە تێپەڕێت بەڵام خزمەتگوزاری و ژێرخانی پێویست بۆ ئەو بابەتە ئامادە نەکراوە و پێویستی بە پێداچوونەوە و دەوڵەمەند کردن هەیە.
هاوکات بەڕێوەبەری گومرگی ئێرانیش لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند عێراق سێهەم شەرێکی ئابووریی ئێرانە و پێوەندیی ئابووریمان لەگەڵ ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان بە هەند وەردەگرین.
فروود عەسگەری بەڕێوەبەری گومرگی ئێران زیادی کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لەدەروازەی مێهرانەوە کەمی کردبوو و ئێستا ئامادەین ئاڵوگۆەکانمان لەو دەروازەیەوە زیاد بکەین.
عەسگەری وتیشی 50 جۆر کاڵا ئێستا ئامادەیە کە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە بکرێت و ستاندەریشی بۆ وەرگیراوە وتەنها ئەوەی ماوە ئیدارەی ستاندەری عێراق مۆڵەتەکە قبووڵ بکات.
عێراق و هەرێمی کوردستان شەریکێکی ئابووریی هەرە گینگە بۆ وڵاتی ئێران و ئێران زیاترین سنووری وشکانیی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و درێژایی هێڵی سنوورەکە دەگاتە 1458 کیلۆمەتر و زۆرینەی ئەو سنوورەش باکووری عێراق و ناوچەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سێ دەروازەی فەرمیی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئومەران چالاکیی ئابووریی ئاستی باڵای تێدا ئەنجام دەبێت ئەوەش جگە لە مەرزە لاوەکییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
Your Comment