یان کۆبیش: شه‌ش حزبی کوردی داوای هه‌ژمارکردنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی عێراق ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یان کۆبیش نوێنه‌ری سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق ئه‌مڕۆ له‌ میانی کۆبوونه‌وه‌یێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی که‌ ته‌رخان کرابوو بۆ تاوتوێ کردنی ره‌وشی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ ڕای‌گه‌یاند: شه‌ش حزبی کوردی به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، داوایان کردوووه‌ ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ شێوازی ده‌ستی هه‌ژمار بکرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق له‌ وته‌یێکدا که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پێشکه‌شی کرد و ئاماژه‌ی به‌ کێشه‌ی ئامێره‌ ئه‌لکترۆنییه‌کانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: ژماره‌یێک له ‌سه‌رکرده‌ی حزبه‌ به‌شداربووه‌کان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان کردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر هه‌ڵبژاردن دووپات بکرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ ژماره‌یێکی دیکه‌ له‌ حزبه‌ کوردییه‌کان ره‌زامه‌ندیان له ‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ربڕیوه‌ و ئاماده‌یی خۆیان بۆ دانوستان ده‌ربڕیووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش له‌ شاری که‌رکووک ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد له‌ شاری که‌رکووک سکاڵای زۆره‌ هه‌یه‌ و به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و تورکمانه‌کان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ناڕازین و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ساخته‌کاری تێدا کراوه‌.

نوێنه‌ری سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌ بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هه‌ژمارکردنه‌وه‌ی له‌ ١٠%ی ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ستی هه‌ژمار بکرێته‌وه‌، ڕوونیش کرده‌وه‌ په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری داوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ٢٥%ی ده‌نگه‌ هه‌ژمارکراوه‌کان ده‌رکه‌وت ساخته‌کاری تێدا کراوه‌، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هه‌ڵوه‌سێنرێته‌وه‌ و کار به‌ ئه‌نجامه‌کانی نه‌کرێت.

له‌ به‌شێکی تری وته‌کانیدا یان کوبیش جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ بارودۆخی ئێستای عێراق زۆر هه‌ستیاره‌ و داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان کرد ئه‌و دۆخ و قۆناغه‌ی ئێستا تێپه‌ڕێنرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو لایێک هاوکار بن بۆ ئه‌وه‌ بتوانرێت حکوومه‌تێکی نیشتیمانی پێکبهێنرێت که‌ ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانی تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌.

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق داواشی کرد که‌ حکوومه‌تی داهاتووی عێراق به‌ شێوازی مه‌زهه‌بی کار نه‌کات و حکوومه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی عێراق بێت، کار بکات بۆ باش کردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ و باشترکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان، هه‌روه‌ها به‌ یه‌ک چاوی سه‌ری هاووڵاتییان و ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانی عێراق بکات.

ئه‌و وتانه‌ی نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق له‌ کاتێکدایه‌، په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن کرد و به‌پێی هه‌مواره‌که‌ش کۆمیسیۆن پابه‌ند ده‌کرێت ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بکاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ ڕۆژی ٢٨ی ئه‌م مانگه‌، په‌رله‌مانی عێراق کۆ بووه‌وه‌ تیایدا بڕیاریدا له‌ ١٠%ى ده‌نگه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌ و ده‌نگدانى مه‌رجدارى ئاواره‌کان و ده‌نگدانى ده‌ره‌وه‌شی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

له‌ ده‌قی بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا هاتوووه‌، ئه‌گه‌ر به‌رێژه‌ی له‌ سه‌دا ٢٥ جیاوازی له‌ نێوان ئه‌و ده‌نگدانه‌ی به‌ ده‌ست جیا ده‌کرێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی ده‌نگدانی ئه‌لیکترۆنی هه‌بوو ئه‌وا ده‌بێت له ‌سه‌رجه‌م پارێزگاکان ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست جیا بکرێنه‌وه‌.

هه‌ر له‌ بڕیاره‌که‌دا هاتوووه‌ بۆ دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژارن بڕیار دراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دانگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ده‌نگدانی به‌ مه‌رجدارى ئاواره‌کان له‌ که‌مپه‌کانی ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین و نه‌ینه‌وا و دیاله‌.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 14996

Your Comment

You are replying to: .
captcha